کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند بەرپرسی گەندەڵی ڕێژیم دەسبەرسەر کران

13:24 - 6 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ئیلام به هۆی گەندەڵکاری دەسبەسەر کران.

سەرۆکی ڕێکخراوی جهادی کشاوەرزیی ڕێژیم، لە پارێزگای ئیلام لەگەڵ یەکێک لە جێگرەکانی و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاژەڵداری، سەرۆکی لێژنەی یەکیەتیی مریشکدارەکان، سەرۆکی یەکێک لە کوشتارگاکانی ئیلام، دوای بانگهێشت و ڕوونبوونەوەی تاوانەکەیان، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، تاوانی ئەم کاربەدەستانەی ڕێژیمی ئێران، تێکدانی کاروباری بڵاوکردنەوەی پێداویستییەکانی گشتیی خەڵک لەوانە مریشکە، کە ئەم تێکدانە بە هۆی نەشیاوی و کارنەزانیی ئەم کەسانەوە بووە کە بووەتە هۆی نەمانی مریشک لە پارێزگای ئیلامدا.

وێڕای گرانیی لەڕادەبەدەری گۆشت لە ئێراندا، کە خەڵک توانای کڕینی ئەو پێداویستییەیان وەکوو پێداویستییەکانی دیکە زۆر کەم بووەتەوە، کێشەی بەدەستهێنانەکەشی بووەتە کێشەیەکی تر و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک داناوە.

گەندەڵکاری لە بنکە و ناوەندە دەوڵەتی و خسووسییەکانی ئێراندا و نەشیاوی و گەندەڵبوونی بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم بەردەوام هەر بووە و لەمێژە سامانی خەڵک بەتاڵان دەبەن و ژیانی ئاسایی و سەرەتایی خەڵکیان تێکداوە.

سەرچاوەی سەرەکیی هەموو ئەم گەندەڵکارییانە بۆ بەرپرسانی باڵای دەسەڵات و سپای تێرۆریستی پاسداران دەگەڕێتەوە،  کە دەستیان بەسەر هەموو ڕێکخراوە ئابوورییەکانی وڵاتدا گرتووە.