کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند قوتابییەکی ناوچە لافاولێدراوەکان دەسبەسەر کران

11:24 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: قوتابییانی "کونکووریـ"ـی ناوچە لافاولێدراوەکانی ئێران، لە بەردەم "سازمانی سەنجێشـ"ـی ڕێژیمدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە قوتابییانی ناوچە لافاولێدراوەکانی ئێران، لە بەردەم "سازمانی سەنجێشـ"ـی ڕێژیمدا، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

قوتابییانی کونکووریی لەم کۆبوونەوەیەدا، خوازیاری وەدواخستنی ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کونکووری ئەمساڵ بوون، بەڵام چەند کەسێکیان لە لایەن هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

قوتابییانی ئێرانی، پاش ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی دوای لافاوەکانی ئەمساڵ، جگە لەوەی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بێڕێزییان پێ کرا، چەند نوێنەرێکی قوتابییانیش، بە نامەی دادستانیی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

تەنیا داواکاریی ئەم قوتابییانە لە ڕێگای نوێنەری قوتابییانی ناوچە لافاولێدراوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خوێندنی کونکوور بوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا پێشتر، نوێنەری تایبەتی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە لوڕستاندا، باسی لەنێوچوونی ٨١ قوتابخانە و ٣٤٤ پۆلی وانەوتنەوە کردبوو و هەروەها باسی لەوە کردبوو، کە ٥٥٠ قوتابخانە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و کەرەستەی ١٢١ قوتابخانە لە لافاوەکانی ئەم دواییانەدا لە لوڕستاندا لەنێو چوونە.

جگە لەم ئامارانە کە تەنیا باسی لە پارێزگای لوڕستان کردووە، هاووڵاتییانێكی زۆر لە چەند پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ماڵوێران و ئاوارە بوونە و ئەمە دەرفەتی خوێندنی کونکووری لە قوتابییانی کونکووریی ئەم ناوچانە گرتووە و ڕێژیمیش هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئەم قوتابییانە نییە.