کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هێزێکی پوشتە و پەرداخ لە پێشمەرگەی دێموکرات، رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە کوردستانی باشوور کران

20:53 - 16 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆسەر خاکی کوردستان، بە شێوەی پراکتیکی چووە نێو بەرەکانی شەڕەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش ئاوارەبوونی کوردە ئیزدییەکانی شنگال و توندتربوونەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆریستانی داعش لە سەرانسەری سنوورەکانی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک، چەند هێزێکی پوشتە و پەرداخی لە پێشمەرگەکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو راگەیەنراوەدا سەروەریی خاکی کوردستانی بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی زانیوە و رۆژێک پاش راگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان، چەند هێزێکی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزەکانی خۆی لەمەڕ پاراستنی خاکی کوردستان رەوانەی بەرەکان شەڕ کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش ستادێکی بۆ رەوانەکردنی هێز، هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و لەشکری کوردستان و چاودێری کردنی ئەو هێزە پێکهێناوە.

9063.jpg
رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وتەبێژی ستادی تایبەت، سەبارەت ماوەی بەشداریی هێزەکانی دێموکرات لەو شەڕەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی بۆ بەشداریی لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستان دیاری نەکردووە و لە هەر شوێنێکەوە کە خاکی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، حیزب بەپێی توانا بەرگری لە خاکی کوردستان و نیشتمان دەکات.

پێشتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندبوو: ئەگەر بارودۆخەکە هەستیار بێت و سەروەریی خاکی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوامان لێ بکات، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشوور بەشداری لە بەرگریی خاکی کوردستان دەکەین.

جەهانگیری لەم پێوەندییەدا وتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پێوەندییەکانمانەوە داوای یارمەتیی لێ کردووین، بۆیە ئێمەش هێزی خۆمانمان بۆ شەڕی داعش کە ئەمنیەت و تەناهیی کوردستانییان خستووەتە مەترسییەوە، رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.