کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند وڵاتی ئورووپایی لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایان دژی ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد

12:41 - 14 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: چەند وڵاتی ئورووپایی سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە، لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووکان دژایەتی خۆیان بەرانبەر بەم هەوڵانەی ڕیژیم دەربڕی.

هەواڵدەریی ئاسۆشێیتێدپرێس بڵاوی کردووەتەوە کە سێ وڵاتی ئورووپایی لە نامەیەکدا بۆ '' ئانتۆنیو گۆترێش'' سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بەو مووشەکە بالستیکییانە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەرەیان پێدەدرێت، دژایەتییان دەربڕیوە.

بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە نامەیەکی هاوبەشدا وتوویانە کە ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە دەست لەم هەوڵانە هەڵبگڕێت، تەبایی نییە.

باڵوێزەکانی ئورووپایی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە کردووە کە لە ڕاپۆرتی دواتری خۆیدا بۆ شۆرای ئەمنییەت، ئەندامانی ئەو شۆرایە لە هەوڵ و چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران کە لەگەڵ بڕیارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ناتەبایی هەیە، ئاگادار بکاتەوە.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٣٩٤هەتاویدا  پەسەند کرا، داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە لە هەر چەشنە چالاکیی پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی مووشکی بالێستیکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە، خۆی ببوێرێت.

لە نامەی ٣ وڵاتی ئورووپاییدا داکۆکی لە سەر ئەوە کراوە کە پەرپێدانی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، دژایەتیی لەگەڵ بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە.

هەروەها لەم نامەیەدا ئاماژە بە چەندین وێنە لە تاقیکردنەوەی نوێی مووشەکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە کە وێدەچێت پەیوەندیدار بە مووشەکی شەهابی ٣ و جۆری سیستمی بەکارهێنراو لەم تاقیکردنەوەدا بێت .