کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی دیکەی ڕێژیمی ئێران لەسەر ماهواره دادەخرێن

13:55 - 21 جۆزەردان 2720

جێگری دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دابیننەکردنی بودجەی کاناڵە تێلێڤیزیۆنییە نێونەتەوەییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە لە ماوەی ڕۆژان و حەوتووەکانی داهاتوو کاناڵە گرینگەکانیان وەکوو ''پرێس تی وی''، ''ئەلعالەم'' و ''ئای فیلم'' بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر ماهوارە دەسڕدرێنەوە.

''پەیمان جەبەلی'' لە وتوێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" وتوویەتی کە لە ٥ مانگی ڕابردوودا، سەڕەرای بە دواداچوونە زۆر جیددییەکانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ بۆ وەرگرتنی پشکی ئەرزی خۆی، تەنانەت دۆلارێکیش نەدراوە بەو ڕێکخراوەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ٣ کاناڵی نێونەتەوەیی ڕێژیمی ئێران وەکوو: ''کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی ئەلکەوسەر بە زمانی عەرەبی، کاناڵی تێلێڤیزیۆنی سەحەر و ڕادیۆ دەری لە ئەفغانستان" بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکان داخراون.

''جەبەلی'' دەنگ و ڕەنگی بە دەزگایەکی گرینگ و ئیستراتیژیکی ڕێژیمی ئێران ناو برد و لەو بەرپرس و ناوەندانەی کە لە دابینکردنی بودجەی دەنگ و ڕەنگی ڕیژیم بەرپرسیارن، ڕەخنەی توندی گرتووە.

لە بەرامبەردا ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم دەڵێت، لە سندوقی گەشەی میللی دراوی یەنی ژاپۆن، یان یوانی چین و ڕووپیەی هیند بوونی هەیە، بەڵام دەنگ و ڕەنگ، دۆلار یان یۆرۆی پێویستە ئەویش بانکی ناوەندی لە بەردەستیدا نییە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەتا ئیستا، ئامریکا بە دانانی گوشاری لەڕادەبەدەر، گەمارۆی بەربڵاوی دژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستووە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دابینکردنی بودجەی دەنگ و ڕەنگ داناوە.

ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ١٥ کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی لە دەرەوەی سنوورەکان هەیە.

لە ئێستادا جێگری دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، داخرانی ئەم کاناڵانەی بە زەربەیەکی کاری لەسەر بنەماکانی تەبلیغاتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناو بردووە.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوو، شیرکەتی گوگڵ دوو کاناڵی دەرەوەی سنوورەکانی ڕێژیمی ئێرانی داخست و بەم پێیە "پرێس تی وی" و ''هیسپان تی وی'' دەستپێڕاگەیشتنیان بە حیسابەکانی "جی مەیل و یووتیووب" لەدەست داوە.