کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند کاناڵی سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەهۆی کەمیی بینەر دادەخرێن

11:51 - 2 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ـ گەلاوێژی ١٤٠١،ڕۆژنامەی "کەیهانـ"ـی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردەوە دوو شەبەکەی سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی فەرمیی ڕێژیم دادەخرێن.

ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە کە دوو کاناڵی "شۆما" و " ئیران کالا"ی سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەهۆی کەمیی بەردەنگ دادەخرێن.

هەروەها لەو ڕۆژنامەیەدا باس لەوە کراوە کە کاناڵی "سەلامەتـ"ـیش لە دۆخێکی باشدا نییە ولەوانەیە کە دابخرێت.

لە ڕاستیدا داخرانی ئەو شەبەکانە بە مەبەستی بەهێزکردنی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی فەرمیی ڕێژیم نییە، بەڵکوو کێشە کەمیی بینەرە.

ساڵی ڕابردوو لەلایەن "خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمەوە "پەیمان جەبەلی" وەکوو بەرپرسی دەنگوڕەنگی ڕێژیم دیاری کرابوو کە ئەو کەسە پێشتر بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی کارەکانیەوە، زۆری ڕەخنە لێ گیرابوو.

هەروەها هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ڕەخنە لە کاناڵەکانی خۆیان دەگرن کە هەواڵی درۆ بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها "ڕامبۆد جەوان" لە ئامادەکارانی بەرنامە تێلێڤیزیۆنییەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم کە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەی لێ گیرابوو، باسی لە کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری بینەری کاناڵە تێلێڤیزیۆنییەکانی کردبوو.