کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند ئەندامی شورای شار لە مەهاباد و پیرانشار بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر کران

11:48 - 24 سەرماوەز 2721

لەگەڵ ئەوەی هێشتا حوکمی کۆتایی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ماڵیی شورای پێشووی شاری مەهاباد دەرنەچووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، سەرچاوەکان باسیان لە دەسبەسەرکردنی دوو ئەندامی شورای دەورەی شەشەم و دوو کارمەندی دیکەی شارەداریی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی و ئیداری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کرد.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، ئەندامێکی شورای شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز "ناسر عەتەباتی" سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم باسی لەوە کرد: "کۆمەڵێک لە ئەندامانی شورای شاری مەهاباد بەپێی پلان و بەرنامەبۆداڕێژراو بە هاودەستی لەگەڵ چەند کەسێک لە کارمەندانی شارەداریی ئەو شارە هەوڵیان داوە هەندێک مڵکی کەسی و دەوڵەتی بکەنە مڵکی تاکەکەسیی خۆیان و بەڵگەی یاسایی بۆ دروست بکەن کە بە هاوئاهەنگیی ئیدارەی ئیتلاعات و دادستانیی مەهاباد، دەسبەسەر کراون".

ناوبراو زیادی کرد: "لەو پەیوەندییەدا دوو ئەندامی شورای دەورەی شەشەم و دوو کارمەندی شارەداریی مەهاباد دەسبەسەر کراون و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراون و لەو پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".

دەسبەسەرکردنی ئەو دوو ئەندامەی شورای شاری مەهاباد بە تاوانی گەندەڵیی ماڵی لە کاتێکدا ڕووی داوە کە تەنیا ساڵ و نیوێک لە دەسبەسەرکردنی شورای پێشووی ئەو شارە تێدەپەڕێت کە هێشتا دۆسیەکەیان حوکمی کۆتایی نەخواردووە.

پێشتر "عەلی ئەکبەر گەروسی" سەرۆکی پێشووی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ لەو پەیوەندییەدا وتبووی کە دۆسیەی گەندەڵیی ماڵیی ئەندامانی شورای شاری مەهاباد، قۆناخی تایبەتی خۆی بڕیوە و خەڵک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاگادار دەکەنەوە.