کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین دۆنم لە ژینگە و دارستانەکانی مەریوان و ئاویەری سنە لە ئاگردا سووتان

11:34 - 11 رەزبەر 2721

سەرۆکی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی سنە وتی: ''لە ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر لە کێوی ئاویەری سنە، ٣.٧ دۆنم لە پارکی جەنگەڵیی ئاویەر سووتا''.

''محەممەد ڕەئووف نەسری'' وتوویەتی، دوو گرووپ لە هێزەکانی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و گرووپێکی کەرتی تایبەت ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگرکەیان لەئەستۆ گرتبوو.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧.٢ دۆنم لە ئاویەر تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەر، دارستانەکانی ''ژیژوانـ"ـی "گوێزەکوێرە'' سەر بە مەریوان کە ئاگریان تێبەردرابوو لەلایەن ژینگەپارێزان و کەسانی خۆبەخشەوە کوژێندرایەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ڕیکەوتی ١٠ی ڕەزبەر ئاگری دارستانەکانی "قوڵە خەزێنە"ی پشت گوندی ''مووسک'' و لەوەڕگەکانی "پیرمحەممەد" لەگوندی ''نێزڵ'' سەر بە مەریوان لەلایەن خەڵکی ژینگەپارێزەوە کوژێندرایەوە.

بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەشێکی زۆر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو گوندانە سووتاون و زیانێکی زۆر وەبەر ژینگەی ئەو ناوچانە کەوتووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە چەندین ساڵە بە شێوەی ئاشکرا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە و ساڵانه بەهۆی سووتانی دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکانی کوردستان بەشێکی زۆر لە شوێنی حەوانەوەی گیانلەباران و ئێکۆسیستمی ناوچەکە لەنێو دەچێت.

هاووڵاتییانی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستکردن و بەشێکی زۆریان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە  بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان ئەنجام دەدرێت.