کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا داخران

13:13 - 28 خاکەلێوه 2721

کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران کە بەهۆی بەڕێوەبەریی سەقەت و ناکارامەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کۆنترۆڵ چووەتە دەرەوە، هەموو ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە و هەڕ ڕۆژە و قوربانیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە ئێستادا زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران لە دۆخی سوور و پڕ مەترسیدان. هەر بەو هۆیەوە لە چەندین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات داخرانی دووکان و بازاڕەکان ڕاگەیەندرا.

پەرەسەندنی ئەو نەخۆشییە لە مەهاباد بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە جگە لەو شوێنانەی کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک ڕێگەیان پێ دراوە، بڕیار دراوە سەرجەم دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە دابخرێن.

هەروەها لە بۆکان بەهۆی دۆخی سووری کۆرۆنا بڕیار دراوە هەموو قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکارییەکان، یاریگاکان و زۆربەی دووکان و بازاڕەکان، کار و پیشەکان و... بۆ ماوەی یەک حەوتوو دابخرێن.

هاوکات لە سەقز بەپێی بڕیاری کاربەدەستانی ئەو شارە بۆ ماوەی یەک حەوتوو دووکان و بازاڕەکان دادەخرێن.

ئاماری تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران دوای دەستپێکردنی شەپۆلی چوارەمی ئەو نەخۆشییە، بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و دۆخی سووری تێپەڕاندووە، بە شێوەیەک کە ڕۆژانە لە ئێران زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەست دەدەن.

زیاتر لە ساڵێک لە تەشنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جگە لە ئیدعای درۆیین و هیچ، بە کردەوە هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە ئەنجام نەداوە و ئێستا کۆنترۆڵی ئەو دۆخەیان لەدەستدا نەماوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا زیاتر لە ٦٦ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.