کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین شوێن لە دارستانەکانی مەریوان ئاگری لێ کەوتەوە

12:31 - 19 جۆزەردان 2721

تەنیا لە ڕێکەوی ١٨ی جۆزەردان، دارستانەکانی ناوچەی مەریوان لە ٦ بەشی جیاوازەوە ئاگریان تێ بەردراوە و خەڵکی دڵسۆز و چالاکانی ژینگەیی ئەو ئاگرانەیان کوژاندووەتەوە.

"دارستانەکانی قاراوا، پشت قەبری دەروێش، ئاوایی ڕەشەدێ، ئاوایی چاڵی‌سوور، دۆڵاشی نێ، ئاوایی بالک و ئاوایی نسڵ" ئاگریان لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ئەو ئاگرە بە هەوڵی خۆبەخشان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا "کومیتەی دێکان"  و خەڵکی ژینگەدۆست کۆنترۆڵ کراوە.

ئەو ئاگرانە لەلایەن خەڵکەوە  کۆنترۆڵ دەکرێت و ناوەندەکانی ئاگرکوژێنەوەی ڕێژیم لەو شوێنانە نین.

ئاگرکەوتنەوەکان دەستی کەسانی هەلپەرست و سەر بە ڕێژیمی تێدایە کە ساڵانە خەسارێکی زۆر بە خەڵک دەگەیەنێت.

ناکارامەیی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی دارستانەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لەنێوچوونی دارستانەکان بە ئەژمار دێت.
بەکارهێنانی هێزی مرۆیی بۆ پاراستنی دارستانەکان و ژینگە لە ئێراندا یەک لەسەر سێی پێوەری جیهانییە.

تەمەنی دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە ٥ هەزار ساڵ بەراورد کراوە.