کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین قوتابی لە کوردستان و ئێران بەهۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە ئامێرەکانی خوێندنی ئانلاین خۆیان کوشتووە

11:22 - 21 رەزبەر 2720

بەهۆی گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی ئامێرەکانی پەیوەندیگرتن وەک مۆبایل، لەپ تاپ، تەبلێت و... و دەستپێڕانەگەیشتنی قوتابییان بەو ئامێرانە، زیاتر لە سێ قوتابی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا "سرووش ڕەزایی" خەڵکی بیجاڕ بەهۆی ئەوەی کە توانای کڕینی مۆبایلی نەبووە هەتاکوو لە ڕێگەی خوێندنی ئانلاینەوە درێژە بە خوێندنەکەی بدات، خۆی کوشتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا قوتابییەکی دیکە بەن اوی "سەید محەممەد مووسەویزادە" قوتابیی ١١ ساڵەی "بووشەهر"ی لە دوای ئەوەی بنەماڵەی بەهۆی نەدارییەوە نەیانتوانیبوو مۆبایلی بۆ بکڕن، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها قوتابییەکی خەڵکی بەندەری "دەیر" لە باشووری شاری بووشەهر بەهۆی هەژاری و دەستپێڕانەگەیشتن بە ئامێرەکانی خوێندنی ئانلاین، خۆی کوشتووە.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، ناوەندی "ئیسپا" بڵاوی کردبووەوە، باسی لەوە کردبوو: "ڕاپرسییەک سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتن بە تەبلێت و ئینتێرنێت بۆ فێرکاریی ئانلاین لەنێو بنەماڵەی خوێندکاراندا ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە ٢٠.٩ لەسەدی بنەماڵەکان دەستپێڕاگەیشتنیان بە کەرەستەگەلێکی وەک مۆبایلی زیرەک و تەبلێت و ئینتێرنێت نییە".