کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین وڵات شارومەندانی خۆیان لە خاکی عێراق دەکشێنەوە

11:33 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بەحرەین بە هۆی مەترسی و هەڕەشەکان، داوای لە شارومەندانی خۆی کردووە، کە به زووترین کات وڵاتی ئێران و عێراق بەجێ بهێڵن.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەر، هەواڵدەرییە فەرمییەکانی دەوڵەتی بەحرەین بڵاویان کردووەتەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین به هۆی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە، ئاڵوگۆڕە مەترسیدارەکان و جیدیبوونی هەڕەشەکان، لە بەیانییەکدا داوای لە شارومەندانی خۆی کردووە، کە به زووترین کات وڵاتی ئێران و عێراق بەجێ بهێڵن.

هاوکات کۆمپانیای نەوتی ئێکسان موبیل داوای کردووە، ئەو فەرمانبەرانەی کە خەڵکی وڵاتانی دیکەن، مەیدانی نەوتی پارێزگای بەسرە لە  وڵاتی عێراق، چۆڵ بکەن.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە هۆشدارییەکی ئەمنییەتیدا داوای کردبوو، هێندێک لە دیپلۆماتکارەکانی خۆی کە بوونیان لە وڵاتی عێراق زۆر پێویست نییە، ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

ئەم بڕیارانە لە حاڵێکدایە، کە ناکۆکییەکانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی سەربازیی و هەروەها  ئامریکا هێزێکی گەورەی هێناوەتە کەنداو و گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی پەرە پێ داوە.