کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین وڵاتی ئورووپایی هۆشدارییان بە شارۆمەندانیان داوە کە لە سەفەرکردن بۆ ئێران خۆ ببوێرن

11:16 - 15 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای کوژرانی "قاسم سلێمانی" و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە، وڵاتانی بریتانیا، دانمارک و سوئێد هۆشدارییان بە شارۆمەندانیان داوە کە بەهۆی نەبوونی دۆخیکی ئەمن، بۆ ئێران و عێراق سەفەر نەکەن.

''دومێنیک ڕاب''، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا وتوویەتی، بە بەرزبوونەوی گرژییەکان لە ناوچەکە، داوا لە شارۆمەندانی بریتانیا دەکەین کە بۆ ئێران سەفەر نەکەن، چوونکە ئەگەری دەسبەسەرکردنی خۆسەرانەیان لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە هەیە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا داوای لە شارۆمەندانی ئەو وڵاتە کردووە کە جگە لە هەرێمی کوردستان، بۆ شارەکانی دیکەی عێراق سەفەر نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی دانمارک دوای کوژرانی "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕاگەیاندووە، بە لەبەرچاوگەرتنی دۆخی ئەمنییەتی لە ئێران، شارۆمەندەکانی ئێمە لە سەفەرکردن بۆ ئێران خۆ ببوێرن.

هەروەها باڵوێزەکانی سوئێد لە تاران و بەغدا داوایان لە شارۆمەندانی خۆیان کردووە کە لەم هەلومەرجەدا ڕوو لەو وڵاتانە نەکەن.

دوای ئەوەی کە ''قاسم سلێمانی''، فەرماندەی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، لەگەڵ ''ئەبوو مه‌ھدی موھەندیس''، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کرانە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا، هەڕشەکان پەرەی گرتووە و دۆخی ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە.