کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین پلەی نوێ بۆ ئابووریی ئێران

17:34 - 27 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئێران لە باری توانای بەربەرەکانێی جیهانی و چەندین پێوەری دیکەوە پلەی زۆر نزمی بۆ خۆی تۆمار کرد.

لە نوێترین ڕاپۆرتی "کۆڕی جیهانی ئابووری" کە تایبەت لەسەر ڕێژەی توانایی بۆ کێبڕکێی جیهانی بۆساڵی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە، ئێران بە وەدەستهێنانی نێونجی ٥٥ لە کۆی ١٤٠ وڵاتی جیهان پلەی ٨٩ی وەدەست هێنا و یەک پلە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دابەزی؛ بەڵام لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ تاکوو ٢٠١٨ پلەکەی لە ٦٢ بۆ ٨٩ دابەزیوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریقا (MENA) ئێران لە نێوان ١٥ وڵاتدا پلەی ١٢ی وەدەست هێناوە و تەنیا وڵاتانی ئەلجەزایێر، میسر و یەمەن دۆخەکەیان لە ئێران خراپتر بووە.

هەر بەپێی ئەم زانیارییانە لە ناوچەدا ئیسرائیل پلەی یەکەم، ئیمارات دووهەم و قەتەر پلەی سێهەمی هەیە و ئێرانیش ٤٢ پلە پاش عۆمان، ١٦ پلە پاش ئۆردۆن و ١٤ پلە پاش مەراکش جێی گرتووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە بواری سەرمایەی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆیی هێزی داد و شەفافیەتی بودجەشەوە پلەی ١٢١ی لە نێوان ١٤٠ وڵاتدا هەیە و لەباری پلەی سەقامگرتوویی ئابووریی کەڵان بەتایبەت هەڵاوسان، پلەی ١١٧ی بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

سەبارەت بە بازاڕی بەرهەمیش ئێران پلەی ١٣٤ی هەیە و لە بواری بازاڕی کاریش پلەی ١٣٦ واتە ٤ پلە پێش کۆتایی بۆخۆی مسۆگەر کردووە.