کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کارناسی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەندا کوژران

17:51 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: چەندین کارناسی مووشەکیی ڕیژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەندا، بە هۆی مووشکێک کە پێش لە هاویشتنی تەقیوەتەوە، کوژراون.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، لە پایگای هەوایی ''ئەلدیلمی'' لە باکووری شاری سەنعا، پێتەختی یەمەن، بە هۆی تەقینەوەی مووشەکێکی بالێستیک پیش لە هاویشتنی، چەندین کارناسی مووشەکی  کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کارناسە ئێرانییانە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە مووشەکێکی بالێستیکی بهاوێن کە ئەم مووشەکە پێش لە هاویشتنی تەقیوەتەوە.

لە تەقینەوەی ئەم مووشەکە، چەندین کارناسی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و هەندێک لە فەرماندە نیزامییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی حووسی، کوژران.

پایگای هەوایی ئەلدیلمی، یەکێک لە پایگا گرنگە نیزامییەکانە کە چەندین سەکۆی هاویشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەوێدا جێگیر کراون.

ڕێژیمی ئێران، بەردەوام دەستێوەردانە نیزامییەکانی لە خاکی یەمەندا ڕەت کردووەتەوە، بەڵام چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن: "تاران چەک و سووتەمەنی بۆ میلیشیا چەکدارەکانی حووسی دەنێرێت."

لەم پەیوەندییەدا، پێشترهەواڵدەریی ڕویتێرز ڕایگەیاندبوو کە میلیشیا چەکدارە حووسییەکان لە وڵاتی یەمەندا، بەرنامەی هێرشکردن بۆ سەر نزیک بە ۳۰۰ ئامانجی گرنگیان لەنێو خاکی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییان، هەیە.