کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کەس لە وڵاتی میسر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران سزا دران

14:07 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای دادوەریی وڵاتی میسر، حوکمی ١٥ساڵ زیندانی بۆ چەندین کەس کە بە سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران تاوانبار کراون، دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی  بڵاوکراو لە هەواڵدەریی "شەرقولئەوسەت"دا، دادگای کەیفەریی قاهیرە و دادگای باڵای تەناهی ئەو وڵاتە،ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی و جەریمەی ٥٠٠ هەزار پۆندیی بەسەر "عەلا مەعووز عەلی مەعووز عوبەید"، "حەسەن دەرباغی"، "محەممەدحەسەن مەکاری"، "حەمیدە ئەنساری"، "موحسێن کەریمی" و "حوسێن شەفیعی" بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەرکرد.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە جگە لە "عەلا مەعووز"، تاوانبارەکانی دیکە هەڵاتوون و ئەم حوکمە لە نەبوونی ئەواندا دەرکراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە ئەم تاوانبارانە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە هەتا ساڵی ٢٠١٦، سیخوڕیان بۆ ڕێژیمی ئێران کردووە.

هەروەها، بە پێی لێکۆڵینەوەکان، ئەم تاوانبارانە لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی ئەو وڵاتە، ڕاکێشان و ڕێکخستنی شارۆمەندان و ناردنیان بۆ ئێران بوونە تاکوو لە لایەن سپای پاسدارانەوە هەڵبژێردرێن و کاری تێکدەرانەیان پێ بسپێردرێت.

دزەکردن و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان و تۆڕە سیخوڕیەکانی سەر بەو ڕێژیمە، سەقامگیریی ناوچەکەی تێک داوە .