کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین گرووپی شاخەوانی بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی شەهیدانی سەوز چالاکییان بەڕێوە برد

12:53 - 5 خەرمانان 2720

چەندین گرووپی شاخەوانی لە ساڵیادی شەهیدکرانی شەهیدانی ژینگەدا وەک ڕێز و وەفایەک بۆ یادیان چەند هەڵمەتی شاخەوانییان ئەنجام دا و یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، گرووپی شاخەوانیی "قەندیلی مەریوان" بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی"، لە گوندی "سێفـ"ـەوە بەرەو گوندی "پێلـ"ـە ڕێپێوانیان کرد.

لەلایەکی دیکەوە گرووپی شاخەوانیی "کێلەشین" بە سەرکەوتن بەسەر شاخی "میراجیـ"ـدا یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.

ئەوان لەو چالاکییەدا بە دروشمی "ناوی بەرزتان بەسەر بڵیندایی تەواو شاخەکاندا بەرز دەکەینەوە"، ڕێزیان لە گیانبازیی شەهیدانی سەوز گرت.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان و هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی" گرووپی شاخەوانیی "قاراوا" بە ڕێپێوان لە شوێنی شەهیدکرانی ئەو شەهیدانەوە بۆ سەر گڵکۆی پیرۆزیان، یادی ئەو گیانبازانەیان بەرز ڕاگرت.

هاوکات ئەندامێکی کۆمیتەی گوندەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە ناوی "ڕێبوار وەیسی" لە گوندی "ڕەزاو" تا سەر گڵکۆی شەهیدانی ژینگە کە مەوداکەی دەکاتە ٤٥ کیلۆمەتر، ڕێپێوانی کردووە و ئەمەگناسیی خۆی بە ڕێبازی ئەندێشەی سەوز نیشان داوە.

ئەندامانی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان و هەروەها خەڵکی ژینگەدۆست و نیشتماندۆستی کوردستان بەتایبەت شاری مەریوان، ئەمساڵیش بە یادکردنەوەی گیانبازیی شەهیدانی ژینگە ئەمەگدارییان بە گیانبازیی شەهیدانی ئەندێشەی سەوز نیشان دا.