کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین گوند لە شاری سنه ئاوی خواردنەوەیان نییە

11:21 - 14 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی پارێزگای سنه ئاوی خواردنەوەی خاوێنیان نییە و داواکاریی خەڵک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە باسیان لەوە کردووە، کە ١٣٥ گوندی پارێزگای سنه لە ئاوی خاوێنی خواردنەوە بێبەشن.

دانیشتووانی زۆربەی گوندەکانی ئەو پارێزگایه بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستیان ڕوویان کردووەتە شاخەکان و ئاوی خواردنەوەی خۆیان لە کانییەکان دابین دەکەن.

ماوەیەک پێش پارێزگاری سنه لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە باسی لە قەیرانی بێئاوی لە شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەدا کردبوو.

ناوبراو  بەنیسبەت ئەو کێشەیە هۆشداری داوە و وتوویەتی کە دەبێ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە کارە گرینگەکانی ئێمە بێت.

پارێزگای سنە لە بواری ئاودا ٢٧ـەمین پارێزگای ئێرانه و ئەگەر ئێمە نەتوانین بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ شێوەی کەڵکوەرگرتن لە ئاو دابڕێژین ئەو کێشەیە مەترسیدارتر دەبێت.

چوونەسەری ٦ لەسەدی گەرمی هەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینی باران، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان بەڕێژەی ٥٠%، ڕێگریکردن لە پڕبوونەوەی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و دەیان هۆکاری دیکە دەری دەخەن کە ئێران لە سنووری قەیران تێپەڕیوە و تا ماوەیەکی تر دەبێ چاوەڕوانی قەیرانی مرۆیی بین.