کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوامە

13:31 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پارێزگاری پارێزگای کرماشان بە چەواشەکارییەوە باسی لە گەیاندنی یارمەتی لە لایەن دامودەزگا و هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە بۆ خەڵکی لێقەوماو و لافاولێدراو کردووە.

"هووشەنگ بازوەند"، پارێزگاری پارێزگای کرماشان، لە کۆبوونەوەی شۆرای هاوئاهەنگیی مودیرییەتی قەیرانی ئەم پارێزگایەدا، لە چەواشەکارییەکی بەرچاو و ئاشکرادا، باسی لەوە کردووە، کە خەڵک دەبێت ئەو هەستە دروست ببێت، کە لە دۆخە قەیراناوییەکاندا ڕێژیم و حکوومەت لەگەڵ ئەوانن و ڕایگەیاندووە: حکوومەت لە بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو و هەروەها لافاوەکەی ئەمساڵدا بە ئاشکرا هاوکاریی خەڵکی کردووە.

بازوەند، سەبارەت بە ڕوودانی ڕووداوە سروشتییەکان باسی لەوە کردووە، کە زانیارییەکانی کەشناسی ئەو دەرفەتەمان پێ دەبەخشێت، کە بتوانین بۆ پیشگرتن لە ڕووداوەکان هەوڵ بدەین، بەڵام بە چاوەدێریی بەردەوام و کارناسیی بیناکان دەتوانین ئاستی خەسارەکان کەم بکەینەوە.

ناوبراو بە ئاماژە بە بوومەلەرزەکەی ئەمساڵ کە لە گیلانغەرب، سەرپێڵ و قەسری شیریندا ڕووی دا وتوویەتی: "لە کاتە قەیراناوییەکاندا خەڵک نابێت لە ژیانی ئاسایی دوور بکەونەوە، چونکە بەو شێوەیە قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە، بۆ نموونە، لە ڕۆژی دووهەمی بوومەلەرزەکەدا، ئێدارەکان، دووکانەکان، فەستفوودەکان و  هەروەها ڕستوورانەکان کراوە بوون و خەڵک چاویان لێ بوو کە مودیری باڵای پارێزگای کرماشانیش وەکوو ئەوان لە شوێنە گشتییەکاندا ساندویچی خواردووە.

هەروەها باسی لەوە کردووە، کە لەم بوومەلەرزەیەدا، هێزیکی ١١ هەزار کەسیی ئەرتەشی ڕێژیم کاری گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکیان ئەنجام داوە.

چەواشەکارییەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە، کە خودی ڕێژیم هاتنی لافاو لە پارێزگای کرماشانی ڕەت دەکردەوە و تەنانەت کوژراوی ئەو لافاوەشیان لە ڕاگەیاندنەکان دەشاردەوە.

ئیدعاکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان لە ساڵی ڕابردوودا لە حاڵێکدایه، کە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدئۆییەکان لە کاتێکدا باسیان لە توندوتیژیی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەکرد، کە خەڵک بۆ وەرگرتنی پێداویستییەکان لە دەوری کامیۆنەکان کۆ بوونەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن خەڵکەوە بڵاو کرانەوە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تەنانەت ئەو خێوەت و کانێکسانەی کە وەکوو یارمەتی بە خەڵک بەخشرابوون، بە پارە بەو خەڵکە لێقەوماوەیان دەفرۆشت و لۆگۆی سپا تێرۆریستەکەیان لەسەریان دادەنا، کە ئەمە بووە هۆی دروستبوونی شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە نیزامییەکانیشدا.

لە ڕووداوی لافاوەکەی ئەمساڵیشدا، ئەوەی کە بەرچاو بوو، نەبوونی هێز و لایەنە حکوومی و دەوڵەتییەکان لە کۆکردنەوەی یارمەتییەکاندا بوو، خەڵکی ڕۆژهەلات بە ڕێکخستنی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی یارمەتییەکانیان بۆ خەڵک دا؛ ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک لە کاتی بەخشینی یارمەتییەکانی خۆیاندا پرسیاری ئەوەیان دەپرسی کە ئەو کەمپەینە خەڵکییە یان دەوڵەتی؟ کە ئەوە خۆی سەلمێنەری نەمانی ڕەوایی ئەو ڕێژیمە لە نێو خەڵکدایە.

چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە دۆخە قەیراناوییەکاندا بووەتە بەشێک کە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە و بە بەردەوامی هەوڵ دەدات، کە بەو شێوەیە خەڵک لە ڕاستییەکان دوور بکاتەوە.