کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی رێژیم سەبارەت به ڕێژەی موعتادەکان لە پارێزگاکانی کوردستاندا بەردەوامە

17:57 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی پولیسی بەربەرەکانێ لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سنەدا، لە وتووێژێکی چەواشەکارانەدا باسی لەوە کردووە، که پارێزگای سنە کەمترین ڕادەی تووشبوو و فرۆشیاری مادە سڕکەرەکانی تێدایە.

فەرامەرز شاکری، بەرپرسی پولیسی بەربەرەکانێ لەگەڵ مادە سڕکەرەکان لە پارێزگای سنە، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا بە بێشەرمییەوە ڕایگەیاندووە: "که پارێزگای سنه یەکێک لە خاوێنترین پارێزگاکانی ئێرانە و کەمترین ڕێژەی تووشبوو و فرۆشیاری مادە سڕکەرەکانی تێدایە".

شاکری، کێشەی چوونەسەرەوەی ڕێژەی تووشبووانی لە نێوان قوتابییانی بۆ سەرنج نەدانی بنەماڵەکان و نائاگاییی ئەوانی گەڕاندەوە و داوای لە بنەماڵەکان کردووە، که زۆرتر ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت!

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتریش، بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری پارێزگای سنە، لە کۆبوونەوەی شۆرای هاوئاهەنگیی بەربەرەکانێ لەگەڵ مادە سڕکەرەکاندا، بە ڕاشکاوی دانی بەوە دانا "که ئیرادەی ڕاستەقینە و جیددی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کێشەی  تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان نییە و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و ڕادەستکردنەوەی ڕاپۆرت بۆ ناوەنده پێوەندیدارەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت".

پێوەنددانی ئەم دیاردەیە به نائاگاییی بنەماڵەکان، یەکێکی دیکە لە ڕێگەچارەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ هەڵهاتن له نابەرپرسایەتیی خۆیان  و هەروەها ڕێخۆشکردن بۆ پەرەپێدان بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێو کۆمەڵگایە.

لە لایەکی تریشەوە، بەرگریکردن له  هێنانی مادە سڕکەرەکان بۆ نێو شارەکانی کوردستان، ئەرکی بەرپرسانی ڕێژیمە که بەپێچەوانە لە ڕاستای پەرەسەندنی لە لایەن رێژیمەوە بەرنامە و پلانی تایبەتی بۆ دانراوە و بەردەوامیش هەوڵی بۆ دەدرێت.