کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی زوڕناژەنی ڕێژیم کۆتایی پێنایەت

17:25 - 25 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بڕیارە وەرزێکی نوێ لە فیلمی ''ن.خ'' کە تێیدا سووکایەتی و بێڕێزی بە نەتەوەی کورد کراوە، لە پارێزگای کرماشاندا دروست بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەوڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، ''هوشەنگ بازوەند''، پارێزگاری کرماشان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جێگری وەزیری ئیرشادی ڕێژیمی ئێران لەبارەی فیلمی "ن.خ"دا کە بێڕێزی بە نەتەوەی کورد کراوە، هیچ ڕەخنە یان ناڕزایەتیی نیشان نەداوە و بەڵکوو لە درێژەی وەرزێکی نوێی ئەم فیلمەدا کە بڕیارە لە پارێزگای کرماشاندا دروست بکرێت، خۆشحاڵیی دەربڕیوە.

ناوبراو بەبێ ئەوەی کە لە نێوەڕۆکی ئەو فیلمە تێبگات، ڕۆڵی ئەم فیلمەی وەکوو هۆکارێک بۆ ناسینی تواناییەکانی پارێزگای کرماشان، بەرز نرخاندووە.

سەرەتای ساڵی نوێی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە نوێترین دەرهێنانی سینەمای ڕێژیمی ئێراندا، کۆمەڵێک مۆرەی دەستنیشاندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، بۆ سووکایەتی بە دابونەریت، کولتوور و مێژووی کورد، فیلمێکیان لەژێر ناوی "ن.خ" دروست کردبوو.

لە فیلمی "ن.خ"دا، ڕێژیم وا پێشان دەدات کە نەتەوەی کورد هیچ پێشکەوتوو نییە و خەڵکێکی چەقبەستوون کە لە دابونەریتی زۆر دواکەوتووانەدا ماونەتەوە.

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام دژی نەتەوەکانی ئێران، بە شێوەیەکی نەهادینەکراو کار دەکات و هیچ ئەخلاقێکی میدیایی بەرچاو ناگرێت.

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا له بیرۆکەی دواکەوتووانە و چەقبەستوو و بڵاوکردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیک، هیچ بەرنامەیەکی دیکە بڵاو ناکاتەوە و لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانیدا سووکایەتی و بێڕێزی بە نەتەوەکانی ئێران دەکات.