کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی هیلال ئەحمەر کۆتایی پێ نایە

12:06 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران، بەردەوام لە چەواشەکاریی ڕاستییەکاندایە و وەرگرتنی هەر چەشنە یارمەتییەکی مادیی ڕەت کردووەتەوە.

"عەلی ئەسغەر پەیوەندی"، سەرۆکی هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکی نوێدا ڕایگەیاندووە، هەتا ئێستا هیچ یارمەتییەکی نەختیی دەرەکیمان وەرنەگرتووە و ئەمە بە هۆی "بەستراو بوونی حەسێبی سووئیفت و حەسێبی دراویی هیلال ئەحمەر بە هۆی تەحریمەکانە".

ناوبراو وتوویەتی: ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە هیچ یارمەتییەک لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆمان نەنێردرێت.

ئەم قسانەی پەیوەندی لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی "خاچی سوور" و ''مانگی سوور"ی زۆربەی وڵاتەکانی دنیا ئامادەیییان بۆ یارمەتیگەیاندن بە لافاولێدراوان دەربڕیوە و بەشێکیشیان، یارمەتی مادی وەک: شمەک و کەرەستەی پێویست و تەنانەت پارەشیان بەڕێ کردووە.

دەتوانین بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم، سەبارەت بە بەشێک لە یارمەتییەکان کە بە شێوەی پارە و نەختی بووە ئاماژە بکەین کە بریتین لە:

"مانگی سووری کوەیت بە بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلاری ئامریکایی بۆ کڕینی خوراک و شمەک و هاوکات بەڕێکردنی ٤٠ تۆن پێداویستی خواردەمەنی و پێداویستیی دیکە و لە قۆناخی دووهەمیشدا ناردنی ٤٠ تۆنی دیکە شمەک و پێداویستیی خواردەمەنی، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕێکخراوەکانی مانگی سوور و خاچی سوور ٥٠٠ هەزار دۆلار لە لایەن سندووقی دۆخی نایاسایی فیدراسیۆنەوە بۆ لافاولێدراوان تەرخان کردووە.

پەیوەندی، هەروەها باسی لە پێویستبوونی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە کردووە، کە ئەم داواکارییەی هیلال ئەحمەر، بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لافاولێدراو لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی هیلال ئەحمەری ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان، پێشیان بە چالاکیی خەڵک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک گرتووە و ژمارەیەکیش لەو چالاکانەیان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و بانگهێشت کردووە.