کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی هیلال ئەحمەری ڕێژیم بەردەوامە

12:56 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی هیلال ئەحمەری ڕێژیم، سەبارەت بە بارودۆخی لافاولێدراوانی خووزستان چەواشەکاری دەکات.

"عەلی ئەسغەر پەیوەندی"، سەرۆکی هیلال ئەحمەری ڕێژیم، سەبارەت بە بارودۆخی لافاوی خووزستان چەواشەکاری کردووە و وتوویەتی، دۆخی لافاولێدراوان لە خووزستاندا جێی نیگەرانییە و لە لایەکی دیکەوە جەختی کردووەتەوە، کە بارودۆخ هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی قەیراناوی.

ئەم قسانەی سەرۆکی هیلال ئەحمەر لە کاتێکدایە، کە وتەبێژی ڕێکخراوی مودیرییەتی قەیرانەکان، باسی لە چۆڵکردنی ٢٤٠ گوند لە خووزستان و ئەهواز کردووە، هەروەها ڕێکخراوی "نێهزەتی سەوادئامووزیـ"ـش، و نوێنەری تایبەتی وەزیری پەروەردە و بارهێنان لە لوڕستان، باسی لە وێرانبوونی ٨١ قوتابخانە و ٣٤٤ پۆلی وانەوتنەوە کردووە و هەروەها باسی لەوەش کردووە، کە ٥٥٠ قوتابخانە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و کەرەستەی ١٢١ قوتابخانە لە لافاوەکانی ئەم دواییانەدا لە لوڕستاندا لە نێو چوونە.

چەواشەکارییەکانی بەرپرسان و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان لە کاتێکدایە، کە خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان بەتایبەت لوڕستان و خووزستان و ئەهواز تووشی خەسارگەلێکی بەرچاوی ماڵی و گیانی هاتوون و بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بەهاناوەچوونی خەڵک، دەستیان داوەتە چەواشەکاری و شاردنەوەی لێکەوتەکانی ڕووداوەکان.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم، سەرەڕای کەمتەرخەمیی لە هەمبەر بارودۆخی لافاولێدراوان لە شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستاندا، هێرش دەکاتە سەر چالاکانی مەدەنیی و پێش بە یارمەتییەکانی خەڵک بە ناوچە لافاولێدراوەکان دەگرێت و تەنانەت لە هەندێک لە ناوچەکاندا لەگەڵ لێقەوماوان شەڕ و تێکەڵچوون دروست دەکات.