کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم بەردەوامن

13:30 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە شەپۆلی دەرکردنی کرێکاران و داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکان ڕووی لە زیادبوونە و بووەتە سەردێڕی هەواڵ و بابەتەکان، بەرپرسانی ڕێژیم باس لە نزمبوونەوەی نرخی بێکاری دەکەن.

ناوەندی ئاماری ڕیژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، نرخی بێکاریی فەرمیی لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠.٨ لەسەد ڕاگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە لە بەراورد لەگەڵ بەهاری ساڵی ڕابردوو ١.٣ لەسەد نزم بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕیژەی حەشیمەتی چالاکی ئابووریی ئێران لە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابروودا، بە نزمبوونەوەی ڕێژەیەکی نیو لە سەدی، گەیشتووەتە، ٤٠.٦ لەسەد.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە کار دەکەن لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا گەیشتووەتە ٢٤ میلیۆن و ٣٨٢ هەزار کەس، واتە ٣٢١ هەزار کەس بە ڕێژەی کارکەران زیاد بووە. ئەم ئامارانەی ڕێژیم لەحاڵێکدا بڵاو بوونەتەوە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی کرێکارە دەرکراوەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.

شەپۆلی دەرکردنی کرێکاران و داخرانی کارگە بەرهەمهێنەرەکان بەتایبەت لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەرزبوونەوەیەکی بەڕچاوی بەخۆیەوە بینی.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە حسێب کردنی نرخی بێکاریی فەرمیدا، هەموو خوێندکار و قوتابییەکان، ئەو کەسانەی کە بێ وەرگرتنی مووچە لە ماڵەوە کار دەکەن و هەروەها ئەو کەسانەش کە تەنیا بۆ یەک کاتژمێر لە حەفتەیەکدا کار بکەن وەکوو کەسانی خاوەن کار بە ئەژمار دێنێت، هەر بۆیە هەموو ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکان لە  لایەن ئەم ناوەندەی ڕێژیمە ناڕاستن و بە هیچ شێوازێک جیی باوەڕ نین.

بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری و ڕێژەی بێکاران ئێستاکە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵگای ئێرانە کە جۆرەکانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سواڵکەری، دزی کردن، خۆکوژی، قەتڵ و ... لێکەوتووەتەوە.