کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە سەر کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران

12:48 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە چەواشەکاریی لە سەر کوژرانی کادر و بەرپرسانی سەربازیی هێزەکانی خۆی.

ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی سەرماوەز، ماڵپەڕەکانی سوپای تیرۆیستی پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی فەرماندەی قەرارگای "ثامن الائمە"ـی هێزی وشکانی سوپا بە ناوی سەرتیپ پاسدار تیرۆریست "قودرەتوڵا مەنسووری"ـیان بە فەرمی ڕاگەیاند، لەمبارەیەوە ڕاگەیاندن و ماڵپەڕەکانی ڕێژیم بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر لە سەر کوژرانی ئەو فەرماندە پلەبەرزەی هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای پاسداران، چەواشەکارییان بڵاو کردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای تیرۆریستی پاسداراندا هاتووە کە ئەو فەرماندەیە لە کاتی خاوێن کردن و بەستنەوەی چەکەکەی خۆیدا گوللەیەک لە دەستی دەردەچێت و بەر سەری دەکەوێت، بەم هۆکارەوە گیانی لە دەست داوە، پێش لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران ماڵپەڕی "سۆبحی تووس" نزیک لە بناژۆخوازەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەشهەد گیانی لە دەست داوە.

هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی "باشگای خەبەرنیگارانی جەوان" سەر بە دەنگ و ڕەنگی فەرمی ڕێژیم، ڕایگەیاند کە پاش ماوەیەک نەخۆشیی گیانی لە دەست داوە، هەروەها زۆربەی ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی حکوومەت وەکوو بڕیاری هەمیشەیی ڕێژیم بە شێوەی جۆراوجۆر هەواڵی چەواشەکارانەیان لە سەر  کوژرانی ئەو فەرماندە پلەبەرزەی هێزە تیرۆرستییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کردووەتەوە.

لە سەر کوژرانی ئەو فەرماندەیەی سوپای تیرۆریستی پاسداران، هەواڵدرییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران ڕایدەگەیەنن کە قودرەتوڵڵا مەنسووری فەرماندەی قەرارگای سامن ئەلائمە لە خۆراسانی باکوور و هاوکات کە بەرپرسیارەتیی پەروەردە و ڕاهێنانی هێزە تیرۆریستییەکانی "ئەلقاعێدە"ـی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لە ئەستۆ بووە، لە لایەن حەفازەتی ئیتلاعاتی خۆدی سوپای پاسدارانەوە دەستنیشان دەکرێت و پاشان لە شوێنی کارەکەی دەکوژرێت.