کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکدارانی ڕێژیم پەلاماری خەڵکی ئاساییان دا

12:20 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ترسنۆکی ئاخوندی بەهۆی تەنگەتاوبوونیان لە چالاکی بەرینی پێشمەرگەکانی شار و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ناوخۆی وڵات بەبۆنەی دووی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، پەلاماری خەڵکی بێدیفاع و ژن و منداڵەکانیان داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووی ڕێبەندان، هێزە سەرکوتکەرکانی سپا و ئیتلاعاتی شاری شنۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ و لە کوچە و کۆڵانەکان بڵاوەیان پێ کراوە و وێڕای ئەوەی کە درووشمەکانی دژی کۆماری ئیسلامیان لە سەر دیوارەکان سڕیوەتەوە دانیشتووانی گوندەکەشیان ئازار داوە.

بەپێی ئەم هەواڵە دیواری هەر ماڵێک کە درووشمی لەسەر نوسرابوو، خاوەن ماڵەکانیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردوون و پێیان وتوون کە ئەگەر جارێکی تر شتی وا لە سەر دیوارەکان ڕوو بدات، خانووەکانیان لێ دەڕووخێنن.

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، چەکدارەکانی ڕێژیم تەنانەت لە چەند ماڵ هەڕەشەیان لە ژن و منداڵیش کردووە و ویستوویانە چاوترسێنیان بکەن.

ئەم جۆرە کار و کردەوانە کە بەهۆیەوە هەوڵ دەدرێ ترس و دڵەڕاوکێ بخرێتە نێو دڵی هاووڵاتییان تەنیا لە ئەنجامی ترس و زەندەق‌چوونی حکوومەتگەلی دیکتاتۆری هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە کە لە نیوەڕۆکیاندا بەتاڵ بوونەتەوە.