کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەبوکەماڵ کوژران

12:13 - 29 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، لەلایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەکانی هێز و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و لەو هێرشەدا ٧ چەکدار کوژران.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندووه کە هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "مەعیزلییە" کە لە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێراندایە و تا ئێستا هیچ کەس بە ئەستۆی نەگرتووە.

هەروەها بنکەکانی هێزەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران لە دەوروبەری شاری "ئەلبوکەماڵ"، لە نزیکیی سنووری سووریە و عێراق بوردومان کرا.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە، لەو هێرشانەدا ٧ چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون و بەشێک لە بنکەی "مەعیزلییە" وێران کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەرەستەی نوێی نیزامی براوەتە ئەو بنکەیە.

لە سەرەتای دەستپێکی نائارامییەکان لە سووریەدا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ئەرتەشی ئیسرائیل بەشێوەی بەردەوام ناوچەگەلێکی لە خاکی سووریەدا بوردومان کردووە.

زۆرینەی ئامانجی ئەو هێرشانە بنکەکانی ئەرتەشی سووریە ، هێزە چەکدارە ئێرانییەکان و شەڕکەرەکانی حیزبوڵڵا لە خاکی سووریەدا بووە.