کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕادەی گەنم لە بازاڕەکانی ئێراندا کەم دەکات

12:00 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی نەبوونی یاسای گارانتیی کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئێراندا و بەتایبەتی کوردستان، گەنم لە بازاڕدا کەم کردووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، کە ڕایانگەیاندبوو، بە گارانتییەوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی گەنم لە وەرزێڕان دەکڕنەوه،  بەڵام بە هۆی نەبوونی یاسای گارانتیکراو لە لایەن ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیمەوە، خواردەمەنی پێویست، بەتایبەت دەغڵ و دان لە ئێراندا ڕوویان لە کەمی کردووە.

ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم، نرخی هەر کیلۆ گەنمی ١٤٧٠ تمەن دیاری کردووە، که بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ١٤ لەسەد بەرز بووەتەوە، بەڵام بەپێی نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا ئەو نرخە دیاریکراوە زۆر کەمە.

دیاریکردنی ئەو نرخە لە کاتێکدایە، کە هەڵاوسان لە بەشی وەرزێڕیدا گەیشتووەتە ٣٧ لەسەد.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هەموو ساڵێک باس لەوە دەکەن، کە بە شێوەی گارانتیکراو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی گەنم لە وەرزێڕان دەکڕنەوە، بەڵام هیچ کات ئەو بەڵێنییەیان سەری نەگرتووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە وەرزێڕان، خەرمانانی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی گەڵالەیەکیان پەسند کرد، کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەی گارانتیکراو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە وەرزێڕان بکڕن، بەڵام هەتا ئێستە ئەو گەڵاڵەیە جێبەجێ نەکراوە.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ وەرزێڕانی پارێزگای سنه، به هۆی نەدانی پارەی گەنم ناڕەزایەتییان دەربڕێ و باسیان لەوە کرد، هەتا ئێستاش نزیک بە ٣٠ لەسەدی پارەی گەنمەکەیان وەرنەگرتووە و هیچ لایەنێکیش وڵامیان پێ ناداتەوە.

هاوکات مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی پارێزگای سنه باسی لەوە کردووە، ٤٠ هەتا ٥٠ هەزار تۆن سێوکی وەزێڕانی ئەو پارێزگایە لە ئەنبارەکاندا ماوەتەوە و نافرۆشرێت و نرخی سێوکیش لە بازاڕدا لە ژێر نرخی دیاریکراودایە، کە فرۆشتنی دەبێتە هۆی زیانی وەرزێڕان.

 وەرزێڕانی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و تەنانەت زۆر جاریش وەرزێڕان بۆ ئەوەی کە پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، مان دەگرن.