کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان مەریوان: دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران هەموو کات لە بیری خەسارگەیاندن بە سروشتی کوردستان بووە

11:05 - 1 پووشپەڕ 2719

وتووێژ: بێهزاد قادری

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تاکوو ئێستا بەردەوام لە هیچ تاوانێکی نامرۆڤانە سڵی نەکردووە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە بە تاوانەکانی خۆی، بەتایبەت لە کوردستاندا دەدات، لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە بەردەوام تاوان و پیلانە دژەمرۆڤانەکانی خۆی بە چاوساغیی کوردە خۆفرۆشە بەکرێگیراوەکانەوە چڕتر کردووەتەوە و لە ڕێگای سەربازی و ئاگرتێبەردانەوە هەوڵی کاولکاری و لەنێوبردنی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەدات.

لەم بارودۆخەی ئێستاشدا، ڕێژیم لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی و بەتایبەت سپای تێرۆریستی پاسداران، جیا لەوەی کە سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی کوردستان بەتاڵان دەبات، پیلانی کاولکاری و تاڵان و وێرانکردنی سروشت، ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆسی لە بەرنامەدایە و تەنانەت لە مەزرا و باخاتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش دەستپارێزی ناکەن و بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بیانووگەلێکی تر، بە بەڕێوەبردنی مانۆڕە شانۆییەکان و بە هاندانی جاشە خۆفرۆشەکان دارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس دەبڕن و بۆ پارێزگا و شارەکانی ناوەندیی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەگوازنەوە و دواتر ئاگر لە دارستان و ژینگە و سروشتی ناوچەکانی کوردستان بەردەدەن و زۆرجاریش مەزرا و باخاتی خەڵکی کوردستانیش کراونەتە قوربانیی ئەم پیلانە.

لەم پەیوەندییەدا، وتووێژێکتان پێشکەش دەکەم کە لەگەڵ چالاکێکی ژینگەپارێزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی نهێنیی "ڕاسان مەریوان" ئەنجامم داوە کە خۆی لە ئاگرکوژاندنەوەکانی دارستانەکانی مەریواندا ڕۆڵی چالاکی بووە و هەیە.

بە ڕای ئێوە، هۆکارەکانی ئەم ئاگرانەی کە دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنێت چییە؟

بە ڕای من هۆکاری ئاگارکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هۆکارێکی سروشتی نییە و زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە و جەماوەری شارەزایان لەسەر ئەم خاڵە هاوبیرن کە ئەم ئاگرانە بەئەنقەست لە جەستەی دارستانەکانی زاگرۆس بەر دەدرێت. دیارە کە سووتانی ئەم دارستانانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی سڤیل و دانیشتووانی ناوچەکە نییە. بە بڕوای ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی ژینگەیی، کۆماری سێدارە دەستی لە زۆرینەی زۆری ئاگرکەوتنەوەکاندا هەیە.

 کە ئاماژەتان بەم هۆکارانە کرد، بۆچی ڕێژیم هەوڵی لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان دەدات؟

یەکەم ئەوەی کە ڕێژیم دەیەوێت کوردستان کاول بکات و سروشتەکەی بەرەو بیاوانی ببات. هەروەها پێم وایە ئەم دارستانە چڕوپڕە دەتوانێت ببێتە مەکۆی پێشمەرگەکان و لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچووندا بە دژی ڕێژیم کەڵکی لێ وەربگیرێت. یەکێکی تر لەو هۆکارانە ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران هەموو کات لە بیری خەسارگەیاندن بە سروشتی کوردستان و بەخشینی ڕواڵەتێکی ناحەز بەم ناوچەیە بووە. ئامانجێکی دیکە کە ڕەنگە ڕێژیم لە بەرچاوی گرتبێت، سەرقاڵکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسانی چالاکە بەم کارەساتە ماڵوێرانکەرانە.

ئێوە وەک کەسێک کە لە ئاگرکوژاندنەوەکاندا بەشدارن، ڕۆڵی خەڵک و ژینگەپارێزان لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا چۆن دەبینن؟

ڕۆڵی جەماوەری ژینگەپارێزان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگ بووە و توانیویه پیلانەکانی ڕێژیم تا ئاستێکی زۆر پووچەڵ بکاتەوە و وردە وردە گوتاری ژینگەدۆستی لەنێو خەڵکی ناوچەکە زاڵ بکات، بە جۆرێک کە ژینگەدۆستی بووەتە فەرهەنگ و نرخی بۆ دادەنرێت.

ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەم هەڵمەتە خۆبەخشانەدا چۆنە؟

بە خۆشحاڵییەوە ئاستی زانیاریی خەڵک، بە هۆی بوونی ڕێکخراوە خەڵکییەکانەوە، بەرزتر لە پێشوو بووەتەوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا. یەکێک لەو کەسانەی کە ماندوونەناسانە لە زۆرینەی ئاگرەکانی نێو دارستان بەشداری دەکرد و تەنانەت گیانی لەم ڕێگەیەدا بەخت کرد شەهید "شەریف باجوەر" بوو کە بە خوێنی خۆی ڕێگای ژینگەدۆستی و ژیانخۆشەویستیی بۆ قوتابییەکانی دیاری کرد.

ئایا ئەو ژینگەپارێزانە لە لایەن ڕێژیمەوە گوشاریان بۆ دەهێنرێت؟

بەدڵنیاییەوە. ئەم چالاکوانانە بە هۆی چالاکییەکانیان و هەڵوێست گرتنەکانیان، بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بوونە و تەنانەت کەسانی زۆر چالاک دەسڕیەنەوە، وەک چۆن بە چاوی خۆمان لە خەرمانانی ساڵی پێشدا بینیمان کە کاک شەریف باجوەر و کاک ئومید کۆنەپۆشی و ئەو دوو هاوڕێکەی تر، شەهید کران.

 لە ئێستادا چ هەڕەشەگەلێک لەسەر ژینگە و سروشتی کوردستاندا بوونی هەیە؟

بەداخەوە هەڕەشە و مەترسی لەسەر سروشتی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆرە و من تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ دەکەم: یەکەم بەنداوگەلێک کە بێ بوونی لێکۆڵینەوەیەکی کارناسانە و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە لەسەر ڕووبارەکانی کوردستان بەستراون و بوونەتە هۆی گۆڕینی کەشوهەوای ناوچەکە. دووەم دەرکردنی ئیجازەنامە بۆ چەکی ڕاوچییەکان. هەروەها سیاسەتی ڕێژیم بۆ پەرەپێدانی ڕاوکردن و ڕاوچیپەروەری، بە ڕوونی دەبینرێت. سێیەم ئاگرەکان و لەنێوبردنی دارستانەکان و چوارەم بڕینی دارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی کوردستان و... هتد.

 وێڕای بوونی ئەم هەڕەشانە، چ شتێک بە ئەرکی خەڵک و ژینگەپارێزان دەزانیت؟

ژینگەپارێزان و خەڵکی بەشەرەفی ئەم ناوچانەی کە لەژێر مەترسیدان، دەبێ پێکەوە تێبکۆشن بۆ بەرزکردنەوەی سەوادی ژینگەیی. دەبێ دەست لە دەستی یەک، هەوڵ بدەن بە گژی ئەم هەڕەشانەدا بچنەوە و پیلانەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە. پاراستنی ژینگه، ئەرک و ئەخلاقە. پاراستنی نیشتمان، ئەرکێکی پیرۆزە.