کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانی خۆرهەڵات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی شیوعیی کوردستان باس کرا

10:26 - 3 رەزبەر 2720

 ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەر، وەفدێکی حیزبی شیوعیی کوردستان بە سەرپەرەستیی دوکتور ''کاوە مەحموود''، سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزب، بە سەرپەرەستیی ''مستەفا هیجری''، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازیی لێ کرا.

لەم دیدارەدا سەرەتا دوکتور ''کاوە مەحموود''، پاش سپاس و پێزانین بۆ پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکرات، باسێکی تایبەتی لەمەڕ گۆرانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و باندۆریان لەسەر بزاڤی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، هێنایە بەر باس.

ناوبراو پاشان باسێکی سیاسیی لەسەر ڕەوشی کورد، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور پێشکەش کرد و هەروەها هەڵوێستی حیزبی شیوعی لەسەر پرسە سیاسییەکانی خستە ڕوو.

لە بەرانبەردا لێپرسراوی گشتیی حیزب وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، بارودۆخی ئەوڕۆی کوردستان و ئێران و ناوچەکەی خستە بەر باس.

هیجری هەروەها ڕەوشی ئێستای بزاڤی نەتەوەیی-دیمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان، خەباتی نوێی گەلەکەمان ڕاسانی خۆرهەلات، وەزعیەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئەم ڕێژێمەی بە وردی خستە بەر باس.

 "مستەفا هیجری''، هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسە سیاسییەکان بۆ شاندی حیزبی شیوعی شی کردەوە.

لەم دانیشتنەدا، هەر دوو لایەن لەسەر پێوەندیی بەهێز و دوستانە و لەمێژینەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی شیوعیی کوردستان پێداگرییان کرد و لێک نزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانیان لە هەر چوار بەشی کوردستان و لەم هەلومەرجە هەستیارەدا، بە پێویست زانی؛ بە جورێک کە لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر ئاڵوگۆڕێک و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان، بتوانن شوێندانەر بن.