کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانی ڕۆژهەڵات

20:03 - 14 گەلاوێژ 2720

قۆناغێکی پڕ سەروەری لە مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتدا

مسته‌فا هیجری

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە کوردستان وەک وڵاتێکی دابەشکراو، پرۆسەیەکی بەردەوام و مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە. بە درێژایی ئەم مێژووە، لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان، ئەو حیزب و لایەنانەی کە نوێنەرایەتیی ئەم بزووتنەوەیان کردووە، لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەکی، ڕێڕەوی خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان دیاری کردووە. ئەمە بەو مانایەیە کە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی دەسەڵات و حکوومەتەکان لە ناوەندی وڵاتانیش فاکتەری شوێندانەر لەسەر بزووتنەوەکە بوون.

کۆی ئەم فاکتەرانە، لەگەڵ ئەوەی پێکهێنەری دەرفەت و هەڕەشە بوونە، بەڵام هاوکات دینامیزمی گۆڕانکاری و بەردەوامی و زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوەکەش بوونە. سروشتییە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەدەر لەم هاوکێشانە نەبووە.

لە کاتێکدا بەرەو ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەچین، پێویستە مێژووی ٧٥ ساڵەی ئەم حیزبە بە گوێرەی قۆناغەکانی خەبات و هەلومەرجی سەردەم، لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا شیتەڵ بکرێت و بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و وردبینانە، لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی تایبەتیی لەسەر بکرێت.

ئەوەی لەم وتارە مەبەستمە ئاماژەی پێ بکەم، قۆناغێکی نوێیە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی ڕۆژهەڵات کە بە "ڕاسان" دەناسرێتەوە. ئەم قۆناغە کە لە بەستێنی نوێ و لە دەقی گۆڕانکارییەکان هاتە کایەوە، هاوکات بووە لەگەڵ گۆڕانکاری لە ئاستی پێکهاتەی حیزبی و ڕێکخراوەیی و هەروەها خوێندنەوەی نوێ بۆ چەمکەکانی ناوەند، ڕۆژهەڵات، چەمکی شار، چەمکی شاخ، چەمکی سەرمایەی شۆڕشگێڕانە و دواجار خستنە بەر باسی پرۆژە و گوتارێکی نوێ کە ڕوانگە و هێزی لایەنەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکان، لێک نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی چەمکێکی دیکەمان وێنا کردبێت کە هەمان ڕۆژهەڵاتێکی بەهێزە.

"ڕاسانی ڕۆژهەڵات" کە بە پەیامی نەورۆزیی ساڵی ١٣٩٥ی سکرتێری گشتیی حیزب لە چیاکانی سەرسنوور ڕوو لە ڕۆژهەڵات ڕایگەیەندرا، هەڵگری ئەم پەیامە بوو کە:

دەنگ و تواناکانمان لە شاخ و شاردا ڕێک بخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەچی و بێ مافی.

ناوەرۆکی ئەو پەیامە هەستانەوە و وەسەریەک خستنی هێز و توانا و سەرمایەی شۆڕشگێڕانەیە بۆ تەیارکردنی ڕۆژهەڵات و چوونە نێو کایە و هاوکێشە سیاسییەکانی دواڕۆژ. هێزی پاڵنەر بۆ دەستپێکی ئەم قۆناغەش، ئامادەبوونی هێزی پیشمەرگە لەنێو خەڵک و خاکی خۆیدا بوو. ئەم خوێندنەوەیە بۆ ڕاسان، بە دروشمی لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ، دواتر لە کۆنگرەی ١٦ی حیزب وەک گەلاڵەی گۆڕانکاری پەسەند کرا.

ڕاسان، هەنگاوێک بۆ دەرباز بوون لە قەیران

وەک بەرایی بۆ ڕوونکردنەوەی پێویستیی گۆڕینی ڕوانین و شێوازی خەبات و چوونە نێو قۆناغی ڕاسان، پێوسیتە ئاوڕێک لە دۆخی حیزب لە پێش لەم گۆڕانکارییانە بدرێتەوە.

وەک وەفا و ئەمەگناسییەک بەرانبەر بە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦-٤٧، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و دروود بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان، بەراوردی ئەم ڕاپەرینە چەکدارییە لەگەڵ قۆناغی ڕاسان بە پێویست دەزانم. بەدەر لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم دوو قۆناغە، پێوستە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانیان بدرێت.

بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦-٤٧ کە ڕەهەندی تەشکیلاتی، سیاسی و چەکداریی هەبوو، لە ڕاستیدا هەوڵێک بوو بۆ دەربازبوون لە بنبەست کە لەو سەردەمەدا تەنگی بە حیزب هەڵچنیبوو. لە ڕوانگەیەکی گشتیدا دەکرێت هەر دوو قۆناغ بە ڕاسانەوە لە قەڵەم بدەین، وێڕای ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی هەر دوو قۆناغەکە، بڕیارێکی شۆڕشگیڕانە بوو بۆ دەرباز بوون لە قەیران. خاڵێکی دیکەی هاوبەشیان "جووڵە" بوو، بەڵام سەرەتا وەجووڵە کەوتنی حیزب و دواتر وەجووڵە خستنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، بەڵام بۆ قەیران؟

دوای چڕبوونەوەی هێرشی پەیتاپەیتای کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و پاشەکشێ لە شاخ و جێگربوونی لە باشووری کوردستان (١٣٧٢-١٣٧٥)، چالاکیی هێزی پێشمەرگە کەم بووەوە و دواتریش بە هۆکاری هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چالاکی و حوزووری ئەم هێزە لە دیوی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە ڕاگیرا.

لە ماوەی ئەو دوو دەیەیەدا، ئامادەنەبوونی پێشمەرگە لەسەر خاکی ڕۆژهەڵات، بۆشاییەکی ئەوتۆی پێک هێنابوو کە سەرباری کار و چالاکیی تەشکیلاتی و ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی، بەتاڵییەکەی پڕ نەدەبووەوە. ئەم بۆشاییە وای کردبوو کە بەهۆی پلان و پیلانی بەردەوامی ڕێژیم و بانگەشەی نەمانی حیزبی دێموکرات، سەرنج و پرسیاری جیددی لە نێوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتیش لەسەر ئەم دۆخەی حیزب دروست ببوو.

درێژمەودا بوونی ئەو دۆخە خۆی یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی جیابوونەوە و دابەش بوونەکان لەنێو حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێ بکات. ئەنجامی لێکدابڕان و جیابوونەوەکان بوو بەوەی کە لایەنەکان هێز و وزه‌ی زۆر له‌ دژی یەکتر ئاراستە بکەن. لێرەوە بوو کە گوتاری ڕەقیب و تەنانەت دژ، لەنێو حیزبەکان سەری هەڵدا و ئەمەش دڕدۆنگی و بێ هیوایی لای ئەندامان و لایەنگران و تەنانەت خەڵکی ڕۆژهەڵات دروست کردبوو. چاوەڕوانیی ڕۆژهەڵات لە حیزبەکان و سیاسەتی چاوەڕوانیی خودی حیزبەکانیش، کەشێکی ئەوتۆی پێک هێنابوو کە نیشانەی پرسیار لەسەر بەردەوام بوونی خەباتی ئەم حیزبانە دانرابوو.

شوێندانەریی نەرێنیی دۆخی ئاماژەپێدراو، تەنیا لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵات نەبوو. سیاسەتی چاوەڕوانی و بێ جووڵەیی هێزی پێشمەرگە، کەم تا زۆر باڵی بەسەر ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبیشدا کێشابوو. لەم ماوەیەدا بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگە و تەنانەت کادرە بە ئەزموونەکانی حیزب ڕیزەکانی پێشمەرگایەتییان بەجێ هێشت و زۆربەیان ڕوویان لە هەندەران کرد، ئەم دیاردەیەش بە نۆرەی خۆی بێ هیوایی لەنێو ڕۆژهەڵات زیاتر دەکرد و ئەو نیگەرانییەی دروست کرد کە لەوانەیە جێگای ئەو کەسانە پڕ نەبێتەوە.

بەم چەشنە ڕەوتی کزی و لاوازیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەسەند و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی زیاتر بێ هیوا دەکرد. ئەمەش دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ ئەوەی ڕێژیم دۆخەکە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە و بتوانێت لەنێو توێژی کەم ئاگای کۆمەڵگا، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە ڕیزەکانی بەسیج و بەکرێگیراواندا دژ بە کۆمەڵگا و حیزبەکانی چەکداریان بکات، یان لە باشترین حاڵەتدا بێ لایەنیان بکات. بەشێک لە ئەرکی ئەم چەکدارانەش بریتی بوون لە: "زەخت خستنە سەر بنەماڵەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکان، کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو کەسانە و دانەوەیان بە ناوەندەکانی سەرکوت و داپڵۆسینی وەک ئیتلاعات و سپا و... هتد".

لەلایەکی دیکەوە، لە ئەنجامی ئەو بۆشاییەدا، بەشێک لە توێژی خوێندەواری کۆمەڵگاش ئاگاهانە یان نائاگاهانە کەوتنە بازنەی گوتاری ڕێفۆرمیستی و بوون بە بڵیندگۆی ئەو ڕەوتە. ئەم توێژە ئەو بۆچوونەیان تیۆریزە و کردەیی دەکردەوە کە تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان، ڕێفۆرم و چاکسازییە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامیدا، بۆیەش پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ڕێفۆرمخوازی کە دیارە تێچووی کەمتر و بگرە ئیمتیازی زۆری هەبوو بۆیان. بەم شێوەیە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیش لانیکەم بۆ ماوەیەک شوێندانەریی خۆی هەبوو لە پشتکردنی بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە خەباتی ڕاستەقینە و شوێندانەر لە دژی ڕێژیم. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەو ڕاستییەش بکەم کە هەر لەو ساڵانەدا، دۆخی لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زۆر لە دۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خراپتر بوو کە لێرەدا مژاری باسی ئێمە نییە.

لەم هەلومەرجە نالەبار و نەخوازراوەدا، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەسەر دووڕێیانێکی دژواردا بوو. ڕێگایەک سیاسەتی چاوەڕوانی و دواجار توانەوەی حیزب و دابڕانی زیاتری تەشکیلاتی و هەڵوەرینی هێزەکانی بوو کە ئاوات و پلانی هەمیشەیی دوژمن بووە؛ ڕێگای دووەم، ڕێگای سەروەری و وەگەڕخستنەوەی هێز و توانای ڕۆژهەڵات و پتەوکردنی ڕیزی تێکۆشەرانی خەبات بوو لە پێناو بەرەدوامیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە. هەڵبژاردنی هەر کام لەم دوو ڕێگایە کەم و زۆر تێچووی خۆی هەبوو، بەڵام ڕێبەرایەتیی حیزب بە پشت بەستن بە ئیرادەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامان لە نێوخۆ و دەرەوە و سەرباری لێکدانەوەی ئەگەری تیچووی گیانی و ماڵی و کۆمەڵێک گرفتی دیکە، ڕێگای دووەمی هەڵبژارد کە "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" بوو. با ئەوەش بۆ مێژوو بڵێم کە حوزووری پێشمەرگە لەسەر خاکی کوردستان، ویستی سەرەکیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو.

ڕاسان لەو هەلومەرجەدا کە حیزب تێی کەوتبوو و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوغرافیایی حیزب لە باشووری کوردستان ئەرکێکی زۆر گران بوو، بەو حاڵەشەوە: "چالاکی و هەست بە بەرپرسیاریەتی کردنی ئەندامانی حیزب و وەفا و ئەمەگناسییان لەم ڕۆژە سەختانەدا بۆ سەربەرز ڕاگرتنی حیزبەکەیان، کردارێکی شۆڕشگێڕانە و مێژوویی بوو. ئەم ئەندامانە لە پێدان و گەیاندنی یارمەتیی دارایی بە حیزب، بەشداری لە کاری پێشمەرگایەتی، پاراستنی بنکە و بارەگاکانی حیزب و بەگشتی هەموو ئەو کاروبارانەی کە لەم ڕۆژانەدا بۆ حیزب پێویست بوون، بە دڵفراوانی و شانازییەوە ئامادەی هاوکاری و بەشداری کردن بوون.

بەڵام بۆ دەستپێکی ڕاسان پێویست بوو کە دوای نزیک بە بیست ساڵ دوورمانەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزب لە شاخ و نیشتەجێ بوونیان لە کەمپەکان لە قووڵایی باشووری کوردستان، جارێکی تر ئەو هێزە له‌ شاخەکانی سەر سنووری ڕۆژهەڵات جێگیر بێتەوە، ئەو شوێنانەش لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بوو و هەروا بە ئاسانی ڕێگەی بە جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات نەدەدا، بەڵام ئەم ئامانجە دەبوایە هاتبایە دی، بۆیە ئەو بڕیارە گرینگە درا، هێزەکانی حیزب بەرەو شوێنی دیاریکراو جووڵەیان کرد و هەر وەک چاوەڕوان دەکرا لەسەر سنوور لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ڕێگەیان لێ گیرا و لە ئاکامدا تێکهەڵچوون لە نێوان هەردوو هێزدا ڕوویدا و بە شەهید بوونی پێشمەرگەیەکی حیزب بە ناوی "قادر کەریمی" لە ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی کۆچی هەتاوی، بە زەحمەتێکی زۆر، ئیرادەی حیزبی دێموکرات سەرکەوت و هێزەکانی حیزب لە شوێنەکانی مەبەست جێگیر بوون. شەهید "قادر کەریمی" لە ڕاستیدا یەکەم شەهیدی قۆناغی ڕاسان بوو کە گیانی خۆی لەو پێناوەدا بەخت کرد.

ڕاسان وەک دروشم بریتییە لە لێکگرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ . لە جەوهەریشدا تێپەڕین لە هەلومەرجی چاوەڕوانی بەرەو دۆخێکی نوێیە کە تێیدا زیاترین هێز و سەرمایەی شۆڕشگێڕانە بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات پاشەکەوت بکات.

ڕاسان لە ڕاستیدا بریتییە له گۆڕینی شێوازی ڕێکخستن و هەڵسووڕانی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری، به چەشنێک که زیاترین پوتانسییەلی شۆڕشگێڕانه و توانستی سیاسی، لە جەستەی فیزیکیی حیزب‌ و له مێشکی بیرکەرەوە و دیسکۆرسخولقێنی تەشکیلاتدا پاشەکەوت بکات هەتا لە کاتوساتی پێویستدا، ئەو پوتانسییەلە ببێت به جووڵە و دینامیزمی خەباتێکی بەربڵاوی جەماوەری. ئەگەر ئاوا چاو لە ڕاسان بکەین، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ نێو خه‌ڵک و دەستپێکردنەوەی بەرخۆدانی چەکداریش دێتە نێو پێناسەی ڕاسان، بەڵام پرۆژەی بەربڵاوی ڕاسان تەنیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی چەکدارانە و چەند جەولەیەکی هێزی پێشمەرگه لە نێوخۆی کوردستاندا بەرتەسک نابێتەوە. لەم پێناسەیەدا حیزب و کۆمەڵگا پێوەندییەکی دوولایەنەیان پێکەوە هەیە. واته حیزب لەلایەکەوە وزە دەبەخشێت به کۆمەڵگا و لەلایەکی دیکەوە وزەی لێ وەردەگرێت و لەم ڕێگایەوە به باشترین شێوە سەرمایە هەمەچەشنەکان دەبن به سەرمایەی شۆڕشگێڕانه. ئەو دوو قۆناغه لە ڕاستیدا تێک تەنراون.

ڕاسان، ئامادەیی شار و شاخ

بەر لەوەی کە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ڕاسان وەبیربێنینەوە، پێویستە بە کورتی ئاماژەیەک بە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی ڕۆژهەڵات بکەین کە لە ڕاستیدا بەستێنێکی نوێیە کە دەشێ خوێندنەوەی نوێی بۆ بکرێت. لە ڕوانینێکی گشتیدا، لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا، ژینگەی کۆمەڵگای کوردستان گۆڕانکارییەکی بەرین و قووڵی بەخۆوە بینیوە و سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی کۆمەڵگا و تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی تەنیوەتەوە. مەسەلەی شارنشینی، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و بەرینتر بوونەوەی چینی مامناوەند، خوێندنی باڵا، سۆشیال میدیا، زانیاری و شێوە ڕوانین و خوێندنەوەی تاکەکان بۆ پرسەکانی خۆیان، خۆڕاگریی مەدەنی، وشیاریی نەتەوەیی، نوێ بوونەوە و جیاوازی و گۆڕانی نەسڵی و ئاشنا بوونی ئەم جیلە نوێیە بە مافەکانیان و خۆزیای ژیانیکی ئازاد و سەربەستانە... کۆی ئەو فاکتەرانەن کە ئاماژەکانی ڕۆژهەڵاتێکی نوێن.

لە خەباتی شاخ و شاردا، شاخ ناوی "دۆخـ"ـێکە کە هێزی پاڵنەر و بزوێنەری خەبات و ڕاپەڕینە. شاریش ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک دەرفەت، پوتانسییەل، وزە و سەرمایەی هزری و مرۆیی؛ بە ڕوانینێکی تر، شار هەموو ئەو دەرەتانه مەدەنییانەن کە به‌هۆی خەڵکی سیڤیلەوە ــ چ خەڵکی شار بن و چ خەڵکی دێ ــ چالاک دەبن. مەبەست لە شاخیش کۆی ئەو دەرەتانه سیاسی و شۆڕشگێرانەیەن کە بەهۆی ئەحزابی پێشەنگ و خەباتکارەوە چالاک دەبن. حیزب لێرەدا لەلایەکەوە وزە دەبەخشێت به کۆمەڵگا و لەلایەکی دیکەوە وزەی لێ وەردەگرێت و لەم ڕێگایەوە به باشترین شێوە سەرمایە هەمەچەشنەکان دەبن به سەرمایەی شۆڕشگێڕانه. لە دەقی ڕاساندا، شاخ و شار پێوەندییەکی دوولایەنەیان پێکەوە هەیە. ئەم ئاراستەیە لەسەر ئەم لێکدانەوەیە دامەزراوە که شار خاوەنی هێزێکی فرەڕەهەند و چەقی گۆڕانکارییەکانە.

لە بەشێک لە پێناسەی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات"، لە ڕاپۆرتی کۆنگرەی شازدەهەم، "کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتـ"ـدا هاتووە:

ڕۆژهەڵاتی نوێ، لەگەڵ شاخ پەیمان دەبەستێت و یارمەتی وەردەگرێت بۆ ڕاسانێکی نوێ. ئامانج ئەوەیە کە بۆ خۆی ببێتە ڕزگاریدەری خۆی و جگە لە یارمەتی وەرگرتن لە شاخ (پێشمەرگە) کە سەرمایە و هێزی خۆیەتی، چاوەڕوانی یارمەتیی هیچ لایەنێک نەکات. بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو ببێت بە پلانداڕێژ و بەڕێوەبەر، بۆ گەیشتن بە ئازادی. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، لە پێش هەموو شتێکدا دەبێ ئەو کۆمەڵگەیە ببێتە هێزێکی شوێندانەر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات. نەخشەڕێگای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ، ئەوەیە کە هەموو ئەو هێزانەی کە دەتوانن لەم بوارەدا یارمەتیدەر بن، هەموو ئەوانەی کە دژی ملهوڕیی دەسەڵاتی ناوەندی، پەراوێز خستنی کورد، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە لە پێکهاتەی سیاسی و حەشیمەتی ئێران بە هەر ئایین، زمان و کولتوورێکن، تەنیا بەو مەرجەی دێموکرات و ئازادیخواز بن، لەژێر چەترێکی بەرینی سیاسیدا کۆ بکاتەوە. بۆیە هەر چەشنە خۆ بە جەمسەر زانین و قەتیس مانەوە لە هەر چەشنە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا، کۆسپی سەرکەوتنی ڕاسانن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی جەهەوریی دیکە بکەم لە ڕوانینمان بەنیسبەت ناوەندەوە. پێمان وایە کە جۆری پەیوەندیی ناوەند و نەتەوە غەیرە فارسەکان، پەیوەندییەکی داگیرکارییە و تا ئەم جۆرە لە پەیوەندی لە ناوەندەوە هەڵنەوەشێتەوە، هیچ دەرەتانێک بۆ پێکەوەبوونی دڵخوازانە بوونی نییە، پەیوەندییەک کە کۆمەڵێک ڕەهەندی ئابووری، سەربازی، کولتووری و ژینگەیی هەیە کە لەسەر یەک بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ناسنامە و ئاسایشی نەتەوەییمان.

بە سەرنجدان بەم خاڵانەی سەرەوە، لە پرۆژەی ڕاسان بۆ ڕۆژهەڵاتی نوێ، گرینگی بە گوتارێکی نوێ بۆ کوردایەتی دەدرێت کە ئەرکی ڕزگارکردنی کوردستان تەنیا لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەدا نییە. بەڵکوو پێکەوە گرێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ژنان، خوێندکاران، ژینگەپارێزی و پەروەردەیی لە چوارچێوەی گوتاری کوردایەتی وەک تەواوکەری شۆڕش سەیر دەکرێت. لەم پێناسەیەدا، ڕزگاری لە ستەم و گەیشتن بە سەربەستی و سەروەریی نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستان و هەروەها سازکردنی کۆمەڵگایەک بەدوور لە چەوساندنەوە و دابینکردنی ژیانێکی بەرامبەر بۆ هەموو تاکەکان ئامانجی کۆتاییە.

ڕاسان و سەربەخۆیی سیاسی

لەژێر ڕووناکایی ئەم باسانە، پێویستە ڕەهەندێکی دیکەی ڕاسان بە کورتی شی بکرێتەوە. یەکێک لە دەلالەتەکانی ڕاسان ئەوەیە که سووژەی ڕووناکبیر و سیاسیی کورد به شێوەیەکی سەربەخۆ چاو لە پێداویستییەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان دەکات و ئەو نوسخەیەی لە تاران و لە ناوەندەکانی پێوەندیدار به دەزگا حکوومییەکان بۆ شێوازی خەباتی سیاسی دەپێچرێتەوە، لە کوردستاندا به وڵامدەر نازانێت. سووژەی سیاسی و ڕووناکبیریی کورد، هەم لە سەردەمی پەهلەویدا و هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، شێوەی خەباتی خۆی به گوێرەی هەلومەرجی کۆمەڵگای خۆی دیاری کردووە و دیاری دەکات. ئەو نوسخانەی ناسیۆناڵیزمی ناوەندخواز لە تارانەوە یان تەنانەت لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ کوردستانی بەڕێ دەکات، بێ‌ هیچ دڕدۆنگییەک بۆ ئەستاندنەوەی جەوهەری شۆڕشگێڕانە و پتانسییەلی خەباتکارانەی بزووتنەوەی کورد گەڵاڵه دەکرێن. ڕاسان بەم پێش‌گریمانەیەوە گەڵاڵەی بۆ دادەڕێژرێت کە ئێمە دەبێ خۆمان نوسخەی خەباتی خۆمان بپێچینەوە.

ڕاسان و گوتاری کوردایەتی

ڕەنگه دەستپێکردنی ڕاسان لە دیارترین دەرکەوتەی خۆیدا له دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەدا خۆی وە دیار بخات. بەڵام پێناسەکردنی ڕاسان بەم شێوەیە، هەم دابەزاندنی پرۆژەیەکی گرینگ و بەربڵاو بۆ یەکێک لە دەرکەوتەکان و ڕەهەندەکانی پرۆژەی ڕاسانە کە زیاتر ڕەنگ و بۆنی حەماسی بەخۆیەوە دەگرێت و هەم ئەستاندنەوەی ڕادەیەکی زۆر لە جەوهەر و دینامیزمی ڕاستەقینەی ئەم پرۆژەیە لە ئاستی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی پراتیکی پرۆژەکەدایه. پێناسەکردنی ڕاسان تەنها لە ڕەهەندی ئامادەیی و حوزووری پێشمەرگانە لەسەر خاکی ڕۆژهەڵات، خوێندنەوەیەکی نیوەچڵە لەم پرۆژەیە. بۆ ئەوەی خۆمان لەم جۆرە خوێندنەوەیە بە دوور گرتبێت، پێویستە ڕەهەندەکانی ڕاسان جومگەبەندی بکرێت؛ ئەویش چەمکی حوزووری گوتاریی ڕاسانە کە دەبێ هاوتەریب لەگەڵ حوزووری مەیدانیی پێشمەرگە بە بایەخەوە لێی بڕوانین.

کورد نەتەوەیەکی بێ‌ دەوڵەتی خاوەن گوتاری نەتەوەییە. ئەگەر هەتا ئێستا ئاگری خەبات دانەمرکاوەتەوە و بەپێچەوانەوە هەر هاتووە و بڵێسەی ئەستاندووە، بەم هۆیە بووە کە ئێمەی کورد هەر لە خۆیبوونەوە هەتا ژێکاف و هەتا کۆمار و دواتریش حیزبی دێموکرات، خاوەنی گوتاری نەتەوەیی خۆمان بووین.   

کاتێک گوتاری نەتەوەیی بەهێز و ئەوڕۆیی لە گۆڕێدا بێت، تەنانەت ئەگەر دەزگا فەرمییەکانی پەروەردە و بارهێنانیش لەبەردەستی ئێمەدا نەبن، ئەو گوتارە بە شێوەیەکی هەراو بەسەر کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانەی کورد ژێردەست بووە، هەست و هۆشی نەتەوەیی لەوپەڕی خۆیدا بووە و کوردایەتی لە بەرەیەکەوە ڕاگوێزراوە بۆ بەرەیەکی دواتر، لەبەر ئەوە بووە کە گوتارێکی نەتەوەیی لە ئارادا بووە.

ڕاسان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی

لە ئاستێکی دیکەدا گوتاری نەتەوەیی پێویستی بەوەیە کە بە هەموو جۆریک کار لەسەر پێناسەکردنی دوو چەمکی سەروەری و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکەین و خۆمان لە دەمارگرژی و خۆ بە جەمسەر زانین بپارێزین. "یەکگرتن" و "یەکگرتوویی" لەنێو کورددا، بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێستا دەبێ ببێتە ڕێڕەوی بیرکردنەوەمان. ئێمە کە باس لە زەروورەتی یەکگرتن دەکەین، مانای وایە کە تا ئێستا یەکگرتوو نەبووینە. هەر بۆیە بەردەوام پێویستیمان بەوەیە کە باس لە یەکگرتن و یەگرتنەوە بکەین، چ لە ئاستی کۆمەڵانی خەڵکدا، چ لە ئاستی حیزبەکاندا. بۆ یەکگرتن و یەکگرتوویی، سەرەتا پێویستیمان بەمەیە کە "بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد" و "ناسنامەی کورد" پێناسە بکەین. دەبێ لەسەر بنەما سەرەکییەکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد و ناسنامەی کورد پێک بێین. بەبێ پێناسەکردنی ئەم دوو بنەما سەرەکییە بۆ سیاسەتێکی یەکگرتوو، زۆر ئەستەمە بتوانین لەسەر خاڵەکانی تر یەک بگرین. بۆیە بە پێویستییەکی مێژوویی دەزانم لە سۆنگەی ئەم گوتارە نەتەوەییەوە بڕوانینە داهاتووی کورد لە ڕۆژهەڵات و حوزووری گوتاری ڕاسانیش بەم خوێندنەوەیە بە ئامانج بگرین.

ڕاسان و گۆڕینی پێکهاتەی حیزب

ئەرکێکی گرینگی دیکە کە لەو هەلومەرجە و لە چەقی ئەم گۆڕانکارییانە کەوتە سەر شانی حیزبی دێموکرات، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا بوو. سەرەڕای کارامەبوونی بۆ سەردەمی خۆی، ئەو پێکهاتەی کە ساڵانێکی دوورودرێژ بوو لە حیزبدا ڕیشەی داکوتابوو نەیدەتوانی بەرنامەی ڕاسان لە بەستێنی ڕۆژهەڵاتی نوێدا پێش بخات و بە واتەیەکی دیکە چیتر وەڵامدەر نەبوو. سروشتییە دوای هەر گۆڕانکارییەک پێویستمان بە میکانیزمی نوێ و خوێندنەوەی نوێ هەیە. زۆر ئاستەمە بەرنامەی خەباتێکی نوێ بە پێکهاتەیەک بەڕێوە بچێت کە پێشتر بۆ هەلومەرج و دۆخێکی درێژماوە دانراوە و تۆ ئێستا دەتەوێت ماڵئاوایی لێ بکەیت و بە ڕابردووی بسپێریت. ئەو پێکهاتە و بەرنامە نوێیەش لە دووتوێی گەڵالەیەکدا کە ئامادە کرابوو، دوای باس و لێکدانەوەیەکی تێروتەسەل لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵدا، سەرئەنجام لەلایەن زۆرینەی ڕێبەرایەتی و بەدەنەی حیزب لە کۆنگرەی شازدەهەم پەسند کرا.

بەدوای کۆنگرەدا، دەست کرا بە دابەزاندنی بەرنامە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی نوێ، بەڵام لە ڕەوتی دابەزاندنیدا بەرەبەرە لەگەڵ دوو گرفتی سەرەکی بەرەوڕوو بوویەوە:

یەکەم: لە دەقی هەر گۆڕانکارییەکدا و لە ڕەوتی جێبەجێکردنی بەرنامەکاندا، هەندێک گرفت دێنە ئاراوە کە یان پێشتر بە باشی بیری لێ نەکراوەتەوە یان ئەوەی کە پێشبینی نەکراوە. بوونی ئەم گرفتانە شتێکی ئاساییە. لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکاندا تەنانەت لە دامەزراوە، ڕێکخراوە و حکوومەتەکاندا کە ئاستێکی بەرزی پیشکەوتنیان هەیە، ئەگەر بتهەوێت پێکهاتە یان بەرنامە و شێوەی کار بەڕۆژ بکرێتەوە، لە ڕەوتی جێبەجێ کردنیدا و بە تێپەڕینی کات، لەگەڵ هێندێک کەموکۆڕی و گرفت بەرەوڕوو دەبێتەوە، هەر بۆیە ڕێگەچارەی گونجاویان بۆ دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ڕەوتەکە بەردەوام بێت. لە مێژووی حیزبی ئێمەشدا، گۆڕانکارییەکان و نوێکردنەوەی خوێندنەوە و بەرنامەکان، هەڵسەنگاندن و گفتوگۆیان لەسەر کراوە، گرفتەکان دەستنیشان کراون و لە شوێنی خۆی کەوتوونەتە بەرباس و سەرئەنجام ڕێگەچارەیان بۆ دۆزراوەتەوە و وردەکاری نەبووەتە بەربەستی سەرڕێی بەردەوامبوون. واتە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەکە، دەبێ هەوڵ بۆ کەمکردنەوە و لابردنی گرفتەکان بدرێت، بەڵام بێگومان ئەولەوییەت بە بەردەوام بوونە.

دووەم: قەناعەت هێنان بە گۆڕانکاری. ئەگەرچی هەموو گۆڕانکارییەک دژوارە، بەڵام دژواتر لە خودی گۆڕانکاری، باوەڕهێنان و قەناعەتە بە ئاڵوگۆڕ. واتە گۆڕانکاری دەبێ لە هزر و شێوەی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگادا ڕوو بدات تا بگەی بە خاڵی دەستپێکی خودی گۆڕانکاری. ئەمە بەو مانایە دەبێ بەر لە هەموو شتێک تێگەیشتنێک سەبارەت بە زەروورەت و پێویستیی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە بێتە ئاراوە، بەتایبەت لای بەرپرسانی حیزبی دێموکرات کە خۆی بە حیزبێکی پیشکەوتنخواز و ئەمڕۆیی پێناسە دەکات و بە سامانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی دێتە ئەژمار. لە دەقی ڕاسانیشدا ئێمە سەرمایەی شۆڕشگێڕانەمان وەک پوتانسییەلێک بۆ پێکهێنانی گۆڕانگاری لە کۆمەڵگادا پێناسە کرد، کەواتە پێویستە بەر لە هەموو شتێک تێگەیشتن و پێویستیی گۆڕانکاری، سەرەتا لە حیزب پێک بێت. چونکە میکانیزمی سەرەکی لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا، ئەو کەسانەن کە بە کردەوە پێکهێنانی گۆڕانکارییەکە دەکەوێتە سەر شانیان و بەرپرسایەتییان هەیە و بەرانبەر بە حیزب و کۆمەڵگا هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن. بۆ وەبیر هێنانەوە، ڕاسان له جەوهەری خۆیدا بریتییە لە تێپەڕین لە شێوازێکی ڕێکخراوەیی و سیاسی و گوتارێکی کەمتر چالاک بۆ فیگۆڕێکی چالاک و هەڵسووڕ و شوێندانەر کە گۆڕینی پێکهاتەی حیزب دەبێ لەم گۆشەنیگایەوە لێک بدرێتەوە.

بەگشتی لە کۆمەڵگای سوننەتیدا پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ وەک لەدایکبوونێکە کە ئێش و ئازاری هەیە. دۆخی مانەوە لە ڕابردوودا ئەوەندە لە نوێ بوونەوەکان دوورمان دەخاتەوە کە پێی ناگەین و ئاکامەکەی دەبێتە دواکەوتن و خۆنەگونجاندن لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکاندا کە لە حیزبی دێموکراتدا تێچووی مرۆیی، ماڵی و زەمانی ئەو دۆخه‌ زۆر لەوە قورستر دەبێ کە تا ئێستا بووە.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو گرفت و کۆسپانەی کە لەسەر ڕێگای نوێبوونەوەی سیستەم و پێکهاتەی حیزب لە بەستێنی ڕۆژهەڵاتی نوێدا هاتوونەتە کایەوە، ئەم قۆناغە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قۆناغێکی گرینگ و شوێندانەرە بۆ نوێ بوونەوە و وەجووڵە کەوتنی حیزب و وەجووڵە خستنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات. پێویستە بە بایەخەوە سەیری بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ لابردن یان کەمکردنەوەی کۆسپەکان و بە هیوا بە داهاتوو و بەبێ مانەوە و ماندووبوون، ڕێگای بەرەدوامبوونی هەموار بکرێت.