کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانیانی چیاقامەت یادی خۆرە دەم بە خەندەکەی یەڵدایان بەرز ڕاگرت

19:23 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: هێزێکی دیکەی پێشمەرگەی کوردستان، لە شاخە سەرکەشەکانی نیشتمان ڕێوڕەسمێكی تایبەتیان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی لە دایک بوونی دوکتور قاسملوو و شەوی یەڵدا بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، هێزێکی دیکەی پێشمەرگەی کوردستان، لە چیاکانی نیشتماندا و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا یادی ٨٨ ساڵەی لەدایک بوونی دوکتور قاسملوو و شەوی یەڵدایان بەرز ڕاگرت.

هەواڵنێری 'کوردستان میدیا" لەمبارەوە ڕایگەیاند: سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، پاشان "سدیق دەرویشی" جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وتارێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

دواتر هاوڕێ "دیاکۆ مەسعودی" یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە وتارێکدا باسی لە شەوی یەڵدا و کەسایەتی مەزنی دوکتور قاسملوو کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، "کەژان کەسرایی" ژیاننامەی دوکتور قاسملووی بۆ بەشداربووان خوێندەوە؛ پاشان "سەمیرا سەخاوەت" باسی لە چەند بیرەوەرییەکی دوکتور قاسملوو کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک لەلایەن "ئارۆ سەمەدی"ەوە خوێندرایەوە؛ بڕگەیەکی تری ئەم ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ چەند کۆپلە گۆرانی کە لەلایەن هاوڕێیان "زانیار قادرپوور، پوریا ڕەسوڵی و کەیوان مورادی"ەوە پێشکەش کرا.

دواتر شێعرێک لەلایەن هاوڕێی پێشمەرگە "شەهلا کاوە"وە خوێندرایەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ئەنجام دانی کێبەڕکێ، یاری فولکلۆری کوردەواری و شایی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگەکانی شاخ کۆتایی پێهات.