کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری ترامپ: متمانپێکردنی بایدن بە ڕێژیمی ئێران هەڵەیەکی ستراتیژی بوو

12:29 - 25 جۆزەردان 2722

"وەلید فارس" لێکۆڵەری سیاسی و ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا، لە وتارێکدا بۆ هەواڵدەریی "نیووز مەکس" باسی لەوە کردووە کە هەوڵەکانی "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا بۆ پێکهێنانی متمانە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەنیا بووەتە هۆی دڕتربوونی ئەو ڕێژیمە و لە ئاکامدا هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژیی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی "فارس"، دەوڵەتی "بایدن" لە دەسپێکی هاتنەسەرکاری و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا، بە بێدەنگی و بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆکان بە شێوەی فەرمی، دەستی بە ئازادکردنی ڕێژەیەکی کەم بەڵام بەردەوام  و هەنگاو بە هەنگاوی پارە بە مەبەستی هاندانی ئەو ڕێژیمە بۆ بەشداریکردنی لە بەرجامدا، بۆ ڕێژیمی ئێران کردووە.

ناوبراو وتوویەتی: "یەکێک لە تاکتیکەکانی بایدن ئەوە بووە کە پارەکانی لەژێر ناوی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە داوە بە ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت. هەروەها ماوەی یەک ساڵ و نیوە دەوڵەتی بایدن بە شێوەیەکی بەربڵاو دیاریی بچووکی بە شێوەی نەختی و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هاوپەیمانانی لە ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوەتە دەست ڕێژیمی ئێران".

"فارس" باسی لەوە کردووە کە ئاکامی ئەو بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات، پارەدان بە ئەو ڕێژیمە پێش ئەوەیکە هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت، تەنیا دڕندەتر و زێدەخوازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا زیاتر دەکات و پێویستە "واشنتۆن" ڕوانگەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بگۆڕێت.