کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری خامنەیی ئامریکا و ئیسرائیلی به بەرەوپێشبردنی شەڕێکی تێکەڵاو دژ به ئێران تاوانبار کرد

11:08 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری باڵای خامنه‌یی، ئامریکا و ئیسرائیلی بە بەرەوپێشبردنی شەڕێکی تێکەڵاو دژ به ئێران تاوانبار کردووە و ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەوەی هاوپەیمانەتی لە گەڵ چین و ڕووسیه ناو برد؛ لە لایەکی تریشەوە جێگری فەرماندەی گشتیی سپا ڕێکاری ئێرانی به لەناوچوونی ئیسرائیل ناو بردووە.

پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی، فەرماندەی پێشووی سپا و ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە ئاخافتنێکدا ڕایگەیاندووە: " شەڕێکی تێکەڵاو دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئینقلابی ئیسلامی لە لایەن ئێستکباری جیهانی و سەهیۆنیزمی نێونەتەوەییەوە به ڕێبەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەستی پێکردووە."

ڕەحیم سەفەوی، ئامریکا و ئیسرائیلی به کەڵکوەرگرتن لە هێزی میدیایی خۆیان لە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی دەروونی بەربڵاو لە سەر دوو بابەتی تێچووەکانی ئێران " بۆ کارتێکەری ناوچەیی" و " بەرنامەی مووشەکیی ئێران" تاوانبار کردووە و ڕایگەیاندووە که ئەم دوو وڵاتە لە هەوڵی گۆڕینی تێگەیشتن و کردەوەی دەوڵەتەکان، ڕێکخراوەکان و گرووپە کاریگەرەکان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێراندان. 

ناوبراو لە قسەکانیدا بەربڵاوکردنەوەی پێوەندیی لە گەڵ ڕەقیبە جیهانییەکانی ئامریکا، لەوانە چین و ڕووسیەی به ڕێکاری بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ شەڕی تێكەڵاوی دوژمنانی خۆی واتە ئامریکا و ئیسرائیل ناو برد.

قسەکانی ڕەحیم سەفەوی لە حاڵێکدایە که ڕووسیه لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا  لە ڕێگەی جێگری وەزارەتی دەرەوەی خۆیەوە ڕایگەیاند که ئێران هاوپەیمانی ستراتێژیکی ڕووسیە نییە و ئەمنییەتی ئیسرائیل بۆ مۆسکۆ گرینگیی هەیە و سەرەتییە.

لە لایەکی تریشەوە، پاسدار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم، خوازیاری " نەمانی ئیسرائیل لە جوگرافیای ڕامیاری جیهان" بووە و وتوویەتی: ئەم ئامانجە ڕێکاری ئێمەیە. ناوبراو هەروها وتوویەتی: ئەگەر ئیسرائیل کارێک بکات که شەڕ دەست پێبکات، به دڵنیاییەوە ئەوە ئەو شەڕەیە کە تێێدا ئیسرائیل لەناو دەچێت.

قسەکانی سەلامی لە حاڵێکدایە که محەممەدجەواد زەریف، لە سەرەتاکانی بەفرانباری ئەمساڵدا لە وتووێژێکدا لە گەڵ بڵاڤۆکی "لۆپۆئێن"ی فەرانسە هەر جۆرە لێدوانێک سەبارەت به لە ناوبردنی ئیسرائیلی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژەمە ڕەت کردەوە و وتی: "کێ وتوویە که ئێمە ئامانجمان لەناوبردنی ئیسرائیلە؟ تەنانەت یەک کەسیش شتێکی وای نەوتووە."