کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەڕشەی لە هەواڵنێرانی ئێرانی کرد

12:21 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای دەرکەوتنی ڕاستییەکان لە هەمبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە هەواڵنیرانی ئێرانیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە کە لە زانیاری گەیاندن لەم بوارەدا خۆیان ببوێرن و یارمەتیی دژبەرانی ئێران نەدەن.

''حیسامەدین ئاشنا''، ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە "شەڕی ڕەوانی" ناو بردووە و هەڕەشەی لە هەواڵنیرانی ئێرانیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە کە لە زانیاری گەیاندان لەم بوارەدا خۆیان ببوێرن و یارمەتیی دژبەرانی ئێران نەدەن.

لە کاردانەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ''حیسامەدین ئاشنا''، ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هەواڵنێرانی بێ سنوور، پەیامی ناوبراویان بە هەڕشەکردن لە ڕۆژنامەوانانی ئێرانی زانی و مەحکوومی کرد.

هەواڵنێرانی بێ سنوور نووسیویانە: "جێگری تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە سەردەمی قەتڵە زەنجیرییەکان، لە توییتێری خۆیدا هەڕشەی لە هەواڵنێران کردووە".

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، فڕۆکەیەک لە جۆری "بوئینگ ٧٣٧"، سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، پاش بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بە ١٧٩ سەرنشینەوە پاش ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی فڕۆکەخانەکە، لە نزیک شارەکی پەرەند کەوتووەتە خوارەوە.

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران، پاش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی "بووئینگی ٧٣٧"ی ئۆکراین وتبووی، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە "کێشەی تەکنیکی" بووە. بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان و دەرکەوتنی بەڵگەکان ئاشکرا بووە کە ئەم فڕۆکەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە مووشک لێدراوە.

سەرۆکوەزیرانی کانادا لەم بارەوە وتوویەتی: ''چەند سەرچاوە دەڵێن کە ڕێژیمی ئێران فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لەنێو بردووە''.

هەروەها سێناتۆر "ڕۆبیۆ" باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران ناتوانێت ڕاستییەکان لەبارەی شێوەی لەنێوبردنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بشارێتەوە.

سێناتۆر "تێد کروز"یش وتوویەتی: موسافیرانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوونە قوربانیی بێ کیفایەتیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.