کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری نیزامیی خامنەیی وتوویەتی، هەرچیمان لە عێراق و سووریەدا خەرج کردووە وەری دەگرینەوە

11:52 - 7 رەزبەر 2720

ڕاوێژکاری نیزامیی عەلی خامنەیی وتوویەتی: "وەک چۆن بەرامبەر بێنزین بە ڤێنێزۆئێلا زێڕمان وەرگرت، ئاواش ئەو خەرجەی لە سووریەدا کردوومانە وەری دەگرینەوە".

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، "ڕەحیم سەفەوی" ڕاوێژکاری نیزامیی عەلی خامنەیی، ئیدعای ئەوەی کردووە: "لە بەرامبەر ئەو بێنزینەی هەناردەی وڵاتی ڤێنێزۆئێلا کراوە، شمشی زێڕمان هاوردە کردووە".

ئەو ئیدعایەی "سەفەوی" لە کاتێکدایە کە پێشتر وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران گۆڕینەوەی بێنزین و زێڕ لەنێوان تاران و کاراکاسی بەدرۆ خستبووەوە.

هەروەها "سەفەوی" ئیدعای ئەوە کردووە، بەهۆی پاڵپشتی لە عێراق لە شەڕ دژی داعشدا دۆلاری نەختمان وەرگرتووە.

ڕاوێژکاری نیزامیی "خامنەیی" وتوویەتی: "لە ڕێککەوتننامەی نێوان ئێمە و سووریەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە بەرامبەر ئەو یارمەتییانەدا ئێمەش شتی دیکە وەربگرین". ناوبراو ئاماژەی بە وەردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە نەکردووە.

هەروەها "محەممەد حجازی" جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە ئاماژەدان بە یارمەتیی ماڵی بە ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" لە سووریە  وتوویەتی: "ئەو بڕە پارەیە کە ئێران لە سووریە خەرجی کردووە، قەرز بووە و بەپێی ڕێککەوتننامەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، سووریە بەڵێنیی داوە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران".