کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری ئیرشادی خوراسانی ڕەزەوی سووکایەتیی بە ئایینزای سوننە کردووە

17:24 - 5 جۆزەردان 2720

ڕاوێژکاری ئیدارەی ئیرشادی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا لە تویتێر، مزگەوتی "مەکیـ"ـی زاهیدانی بە "فەسادخانە" ناو لێ بردووە و داوای ڕووخاندنی کردبوو.

"محەممەد باقر تەباتەبایی"، ڕاوێژکاری ئیدارەی ئیرشادی پارێزگای "خوراسانی ڕەزەوی"، لە تویتێری خۆیدا نووسیبووی کە مزگەوتی "مەکی" کە گەورەترین مزگەوتی شوێنکەوتووانی ئایینزای سوننە لە ئێراندایە "ماڵی فەساد"ە و داوای کردبوو کە بڕووخێندرێت.

ئەو تویتەی تەباتەبایی لەگەڵ کاردانەوە و دژایەتیی بەربڵاوی شوێنکەوتووانی ئایینزای سوننە بەرەوڕوو بووەوە کە ناوبراو ناچار بە سڕینەوەی تویتەکەی بوو.

ناوبراو هەروەها لە بەشێکی دیکە لە تویتەکەیدا کە مزگەوتی "مەکیـ"ـی کردبووە ئامانجی سووکایەتی، لە وڵامی کاردانەوەی بەکارهێنەراندا ئاماژەی بە بیناسازیی ئەو مزگەوتە کردبوو و وتبووی: "شێوەی بیناسازییەکەشیان وەرگیراوە لە داگیرکەرانی ئاناتۆلی!".

تەباتەبایی بۆ پاساوهێنانەوەی سووکایەتی کردنەکەی بە ئایینزای سوننە و پەیڕەوانی، پاش سڕینەوەی تویتەکەی لە تویتێکی دیکەدا نووسیبووی: "پەیامێکم لە تویتێر دانا کە هەڵە بوو، بوو بەهۆی ئاڵۆزیی زەینی هەندێک لە هاونیشتمانییان، لەبەر ڕێزی نیشتمان و ڕێزی ئەو سەربازانەی کە پاسداری ئارامیی نیشتمانن، سڕیمەوە".

مزگەوتی "مەکی" یەکێک لە گەورەترین میراتە کولتووری و ئایینییەکانە کە لە ساڵی ١٣٥٣دا پێش هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی و لە سەردەمی "محەممەد ڕەزا شای پەهلەویـ"ـدا لە زاهیدان، ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لەسەر پلان و بیناسازیی هونەرمەندانی ئێرانی دروست کراوە.