کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکارێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژرا

19:16 - 23 بانەمەڕ 2720

بەپێی ڕاپۆرتی تێلێڤیزیۆنی ڕێژیمی سووریە، یەکێک لە هێزەکانی ڕاوێژکاری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی ''ئەبولفەزل سەرلک''، ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ لە سووریە کوژراوە.

هەتا ئێستا لەمەڕ چۆنیەتیی کوژرانی ئەم پاسدارە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ناوبراو بەهۆی بۆردومانی ئەرتشی ئیسرائیل کوژرابێت.

هەتا ئێستا سەدان کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ''بەشار ئەسەد'' و هەروەها بەهۆی هێرشەکانی ئەرتشی ئیسرائیل کوژراون.

ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینییەوە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سووریە، بەردەوام بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی سووریە و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

لەم پەیوەندییەدا، ''نەفتالی بێنت"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چەند ڕۆژ پێش وتوویەتی: "تا ماوەیەک پێش، سیاسەتی ئیسرائیل ئەوە بوو کە جێگیربوونی سپای قودس لە سووریە ئەستەم بکاتەوە، بەڵام ئێستا سیاسەت ئەوەیە کە سپای قودس ناچار بێت سووریە بەجێ بهێڵێت".

ئیسرائیل بوونی هێزی نیزامیی ئێران لە سووریە بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆی دەزانێت.