کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکارێکی سپای قودس وتوویەتی کە تەنیا شوێنێک کە ڕێگە نەدراوە زانکۆی لێ بکەنەوە هەرێمی کوردستانە

17:08 - 8 جۆزەردان 2722

حەسەن داناییفەر ڕاوێژکاری سپای تێرۆریستی قودس بۆ کاروباری عێراق، لە دیدارێکدا لەژێر ناوی "پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ململانێ تاوەکوو دەرفەتەکان" لە تاران قسەی کرد و باسی هەرێمی کوردستانی کرد. 

ناوبراو وتوویەتی: "دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڤیتۆی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن کە لەگەڵ ئێراندا دەکرێن. هەروەها تەنیا شوێنێک کە ڕێگە نەدراوە قوتابخانە یان زانکۆی خۆمانی لێ بکەینەوە هەرێمی کوردستانە".

ماڵپەڕی "ئیسنا" سەر بە ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە  بڵاوی کردووەتەوە کە "حەسەن داناییفەر" لە دیدارەکەدا وتوویەتی: "هەموو وڵاتێک ئازادە لە هەرێمی کوردستان تڕانزیت بکات، بەڵام بۆ ئێران قەدەغەیە. لە عێراق تەنیا شوێنێک کە ڕێگە نەدراوە قوتابخانە یان زانکۆی خۆمانی لێ بکەینەوە هەرێمی کوردستانە". 

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: "هەندێک گومان لەنێو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە کە گوایە ئێران نایەوێت ئەو هەرێمە بەردەوام بێت".