کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩٨ ڕاپۆرت لەسەر لەنێوبردنی لەوڕگەکانی دیواندەرە تۆمار کراوە

11:47 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنه لە حاڵێکدا باسی لە نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکان کردووە کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٩٨ ڕاپۆرتی لەنێوچوونی لەوڕگەکانی شاری دیواندەرە تۆمار کراوە.

"سەعدی نەقشبەندی"، بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنه، بە ئاماژە بە دەسپێکردنی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ لە ١٠ی جۆزەردانەوە، ڕایگەیاندووە کە خزمەتگوزاریی دابینکراو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکان بەڕادەی پێویست نین و تاکوو ئێستا ٣٣ گوند لە ئاستی پارێزگا و ڕووبەرێکی ١٢٢ هێکتاری لە مووچە و مەزرا و ٢.٦ هێکتاری لە لێڕەوارەکان لە ئاگردا سووتاون.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە شارەکانی مەریوان و بانە بە هۆی پۆششی گیایی زۆر و لیڕەواری زۆرترەوە، زیاتر تووشی ئاگرکەونەوە بوونە و جەختی کردووەتەوە کە یارمەتییە خەڵکییەکان بۆ کوژاندەوەی ئاگرەکان بە ڕێژەی ٩٨ لەسەد بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، "کەماڵ ڕۆستەمی" بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری دیواندەرە، بە ئاماژه بە تۆمارکرانی ١٩٨ ڕاپۆرتی لەنێوچوونی مووچە و مەزرا بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەم شارەدا، ڕایگەیاندووە کە بەرپرسان دەبێت ڕوانگەیان بەنیسبەت ژینگه بگۆڕن و خزمەتگوزاری بۆ پاراستنی ژینگە دابین بکەن.

ناوبراو بە باسکردن لەم ئاگرکەوتنەوانە ئاماژەی بەو ئاگرکەوتنەوانه کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕوویان داوە و وتوویەتی: "لە سێ ئاگرکەوتنەوە تەنیا یەکیان کۆنترۆڵ کراوە و ئەوانی تر سووتانی ٥ هێکتار زەوییان بە دواوە بووە."

هەموو ساڵێک ڕەوتی ئاگرکەوتنەوەکان بە دەسپێکی وەزری گەرما دەست پێدەکات و ڕێژەیەکی بەرچاو لە دارستان و زەوییەکانی کوردستان لە ئاگری کەمتەرخەمیی بەرپرساندا دەسووتێن. پاش چەند ساڵ و بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو ئەرکی بەرپرسانی ناوەندەکانی ئاگرکوژێنەوە و سەرچاوە سرووشتییەکانه کە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا چالاک بن، بەڵام لەم ساڵانەدا تەنیا شتێک کە بەرچاو بووە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و خەمخۆریی ژینگەپارێزانی کوردستان بووە کە بەداخەوە لەم ڕێگایەشدا، ژینگەپارێزانێک وەکوو "شەهیدان شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی مەریواندا، گیانیان لەدەست دا.