کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ئاگر بەربووەتە ژینگەی کوردستان

12:05 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئاگری بەئەنقەستی ڕێژیمی ئێران بەربووەتە دارستانەکانی زاگرۆس و ڕۆژانە چەندین هێکتار لە ژینگەی کوردستان لە نێو دەچێت.

پیلانی فەوتانی ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس و زەوی و مەزرای خەڵکی ناوچەکانی کوردستان، لە قوناغی نوێی پیلانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، چڕتر کراوەتەوە و ڕۆژانە زیاتر لە چەندین هێکتار لە ژینگەی کوردستان  به هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست لە نێو دەچێت

لەم پەیوەندییەدا و لە ماوەی ۷۲ کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٤ هێکتار لێڕەوار و لەوەڕگەی ناوچەکانی دەروبەری شاری ئیلام و زەوی و مەزرای خەڵکی ئەو ناوچانە سووتاون و بەرپرسانی ڕێژیم لەو پارێزگایە، ئەو تاوانە پیلانداڕێژراوەی خۆیان دەخەنە ئەستۆی خەڵکەوەو ڕایانگەیاندووە، کە ئەو ڕێژە ئاماژەپێکراوە، بە هۆکاری ئاگرکردنەوەی نابەجێ و فڕێدانی جگەرەی نەکوژراو ئاگری گرتووە و داوا لە خەڵک دەکەن ئاگادار بن و دەسپارێزی بکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ۱۸ی جۆزەردان، مۆرەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری ڕوانسەری پارێزگای کرماشان، داری دارستانەکانی زاگرۆسیان بڕیوە و بە چەند بارهەڵگرێکی گەورە و چووکە بۆ شوێنێکی نادیار لە دەرەوەی کوردستانیان گواستەوەتەوە و لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکان ڕێژیمیشەوە هیچ پێشگیری و لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ نەکراوە.

ڕۆژی ڕابردووش، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان دارستانەکانی دەوربەری ئەو شارەیان ئاگر تێبەرداوە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژینگە و دارەستانەکانی ئەو ناوچەیە سووتاون.

هاوکات ڕۆژی شەممە، ۱۸ی جۆزەدان، زیاتر لە ۱.۵ هێتکار لە لەوڕگە، لێڕەوار، ژینگە و دارستانی ناوچەکانی دەروبەری گوندی "وەحدەتـ"ـی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە سووتاوە، لە ماوەیەکی کورتی ڕابردوودا، زیاتر لە ۱۰ هێکتار لە سروشت و ژینگەی ناوچەکانی دەروبەری شاری سەوڵاوا سووتاون.

هەروەها، لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ۱۲۱ هێکتار لە ژینگە، مەزرای خەڵک، دارستان و بەگشتیی سروشتی ناوچەکانی دەروبەری شاری بانە لە پارێزگای سنەدا سووتان و بەرپرسان جیا لەوەی کە حاشا لە تاوان و پیلانەکانی خۆیان دەکەن، ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی مۆرەکانی خۆیان خستووەتە  ئەستۆی خەڵک و بەتایبەت باخدارانی ئەو ناوچانە.

خەڵکی گوندەکانی دەروبەری شاری مەهابادیش، بە دەستی پاشماوە و زبڵەکانی ئەو شارەوە کە شارەداریی شاری مەهاباد لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناوچەکانی دەوربەری زەوی و مەزرای خەڵکی ئەو شارە ڕۆیان دەکات، وەزاڵە هاتوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "جیا لەوەی کە شارەداری ۷۷ و نیو هێکتار زەوینی لە ناوچەی نازلوو، بە مەبەستی بنگڵکردنی (دفن) زبڵەکانی ئەو شارە داگیر کردووە، بەڵام دیسان زبڵ و پاشماوەکانی شار، ژیانی خەڵکی ناوچەکانی دەروبەری ئەو شارەیان خستووەتە مەترسی نەخۆشییەکانەوە".

سەرەڕای چڕبوونەوەی کاولکارییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ ناوەندێکی پەیوەندیداری نێونەتەوەیی لەسەر ئەو پیلانە وێرانەکەرییەی ڕێژیمی ئێران بەدەنگ نەهاتووە.