کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ئاگری دوژمن خەریکە ژینگەی کوردستان تێک دەدات

14:04 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئاگری دوژمنان کورد و داگیرکەرانی کوردستان، بە شێوەیەکی پیلانداڕێژراو خەریکی تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستانە و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش هەروا لە بێدەنگیدایە.

سەرەڕای ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان، هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستانەوە بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ڕێگایەکەوە بە داڕشتنی پیلان و پلانە ئامانجدارەکانی خۆیان، وەکوو ئاسمیلەکردن، بێڕێزیکردن بە کەلتوور، جلوبەرگ و زمانی نەتەوەی کورد، کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدکردن و هتد، لە هەوڵی تواندنەوە و لەنێوبردنی نەتەوەی کورد و کاولکاریی نیشتمانی کوردەکان بوونە و تا ئیستاش بەردەوامن، بەڵام لە بەرانبەر هێزی ئیرادە و بەرەنگایی کورددا بە سەرشۆڕی گەڕاونەتەوە و تەنیا دۆڕانیان بەدەست هێناوە.

بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا سەرجەم پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەتی ڕێژیمی ئێران چوونەتە قوناغێکی نوێیەوە و بە شێوەیەکی نوێ و ماڵوێرانکەرتر لەو ڕاستایەدا هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە و لەم بارەشەوە خەڵکی کوردستان بەرنگارییەکانیان زیاتر پەرە پێ داوە کە ئەمەش تووڕەیی و وەزاڵەهاتووییی داگیرکەرانی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ئەوەی کە جێگای داخە بڕێک لە خۆفرۆشە فریۆخواردووە کوردەکان بۆ بڕە پارەیەکی بێبایەخ لە هەمبەر کاولکاریی نیشتمانەکەیاندا هاوکاریی دژمنان و داگیرکەرانی کوردستان دەکەن.

لەم بارەشەوە، وێڕای ئەوەی کە لە سەرەتای ساڵی نوێی کوردییەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە سەدان و نزیک هەزاران کیلۆمتر لە ژینگەی کوردستانیان تێک داوە کە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" زۆربەی ئەو کاولکارییانەی بە شێوەی هەواڵ و ڕاپۆرت ڕووماڵ کردووە، زیاتر لە سەدان و هەزاران هێکتار لە سروشت و ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس و هەروەها زەوی و مەزرای خەڵکی ناوچەکانی کوردستانیان سووتاندووە.

لەم پەیوەندییەدا، وێڕای ئەوەی کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردودا، زیاتر لە سەدان هێکتار لە لەوەڕگە، لێڕەوار، ژینگە و سروشتی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس بەدەستی مۆرەکانی ڕێژیم سووتاون، هەنووکەش بەردەوامە و لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەمە، ١٩/٢٠ی جوزەردان، لە ناوچەی "سەرتەنگـ"ـی گوندی "کاوەر"ی شاری دێهلۆران لە پاریزگای ئیلامدا، بە هۆکاری ئاگرتێبەردانی کەسانێکی نەناسراو، پێنج هێکتار لە ژینگەی ئەو ناوچەیە سووتاوە.

هەروەها لە هەمان ڕێکەوت، دیسان لە دەوروبەری شاری دێهلۆران، بە ئاگرتێبەردانی ژینگە و سروشتی ناوچەکانی دەروبەری ئەو شارەدا، زیاتر لە ٢٠٠ هێکتار لە ژینگە، سروشت و دارستانەکانی ئەو ناوچانەش سووتاون، کە جێگری فەرمانداریی شاری دێهلۆران ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دیسان مۆرەکانی ڕێژیم لە ناوچەی "قەراویز"ی دەشتی زەهاو لە شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان، ئاگریان لە زەوی و مەزرای خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرداوە و زیاتر لە ٢٢  هێکتار لە مەزرا و بەتایبتی گەنمی خەڵک و هەروەها ٢٠ هێکتار لە زەوییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە سووتاون.