کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ئاڵمان ڕێژیمی ئێرانی بە چالاکیی سیخوڕی تاوانبار کرد

11:22 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وەزارەتی ئیتلاعات و لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە چالاکیی سیخوڕی لەو وڵاتەدا تاوانبار کرد.

ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران بە چاودێریکردنی دژبەرانی خۆی و چەندین حاڵەتی هێرشکردنە سەریان و هێرشە سایبێرییەکان، چالاکیی ئیتلاعاتیی ئەنجام داوە".

بەشێکی زۆر لەم ڕاپۆرتەی ساڵی ٢٠١٨ی ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان بۆ ئاشکراکردنی چالاکییە سیخوڕییەکان و هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئاڵماندا تەرخان کراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "لەژێر چاوەدێری خستنی دژبەرانی ڕێژیم و بەرەنگاربوونەوەیان، هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و زانستی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، تەوەری چالاکییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمانن".

ڕێژیمی ئێران خۆی بە هێزێکی ناوچەیی دەزانێت و سیاسەتی دژە ڕۆژئاوا و ئیسرائیلیی هەیە و بەم هۆیەوە چالاکیی جوولەکەکان و لایەنگرانیان لە وڵاتی ئاڵمان دەخاتە ژێر چاوەدێری.

ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی: "وەزارەتی ئیتلاعات، لێپرسینەوەی زۆرەملێ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بۆ ئێران سەفەر دەکەن. هەروەها نوێنەرایەتیی ئەو وەزارەتخانەیە لە باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری بێرلین، ڕۆڵێکی گرینگی لە چاوەدێری بە سەر زانیارییەکاندا هەیە.  

ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە جگە لە وەزارەتی ئیتلاعات، لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو وڵاتەدا چالاکیی هەیە.

ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤وە هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەژێر چاوەدێریدایە و بەم ئاکامە گەیشتووە کە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، بنکەکانی زانستی و لێکۆڵینەوە، جیابیران، پارێزەرانی مافی مرۆف، دامەزراوەکانی هەوا و فەزا، چەکسازی و پێترۆشیمیی ئاڵمان، مەترسیی ئەو هێرشانەیان لەسەرە.

لەو ڕاپۆرتەدا، لە ناوندی ئیسلامیی "هامبۆرگ" وەکوو گەورەترین و دەستڕۆیشتووترین ڕێکخراوی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس کراوە و نووسراوە: "ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگای مزگەوتی هامبورگ لەسەر ئەو شیعانەی کە لە وڵاتی ئاڵماندا دەژین، کاریگەری دابنێت.

هەروەها، ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٨وە، ڕێژیمی ئێران هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنی مووشک و چەکی ناوکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، پەرەپێداوە و ڕێکخراوی تەناهیی نێوخۆیی ئاڵمان ئەم هەوڵەی ڕێژیمی لەژێر چاوەدێریدایە.