کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ بانکەکانی ئێران لێوانلێو لە بێ پارەیین

10:44 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سیستمی ئابووریی ئێران لە دوای سەپاندنی گەمارۆکان داڕماوە کە هەڵاوسان، گرانی، نرخی دراو، نەبوونی پێداویستییەکان سەرەتاییەکان ژیانی خەڵکی بە بارمتە گرتووە.

لە سەرەتای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڕێژیمە و ڕاکێشانی بۆ وتووێژێکی پتەو و ڕاستەقینە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئابووری ئەو ڕێژیمه بەرەو لێژی ڕۆێشتووە کە ئیستا دوایین هەناسەکانی خۆی لێ دەدات.

دوای ئەوەی کە پەروەندەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران بۆ شۆرای ئەمنییەت نێردرا، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانیش لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینیەوە دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کران. لەو ساڵیەوە هەتا ئێستا گەمارۆکان بە شێوەی جیاواز پەسند کراون.

ئابووریی تەک پایەی ئێران کە لەسەر "نەوت" (پێترۆدۆلار) دامەزراوە، لە بەشی دراودا زیاترین زیانی پێگەیشتووە و ئێستاش دوایین نرخی دۆلار ١٢ هەزار تمەنە که ئەوەش نرخێکی سەقامگیر نییە.

ڕۆژنامەی "قانون" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە، دوایین نرخی دۆلار ٢٥ هەزار تمەن دەبێت.

شەڕی دۆلار و تمەن درێژەی هەیە، بەڵام دۆڕاوی ئەو مەیدانه تمەنە کە بەرپرسانی ڕێژیمیش بۆ سەرکەوتنی تمەن نوسخەی سەیروسەمەرە دەپێچنەوە کە تەنیا دەرمانی چەن ڕۆژەیە.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین لێدوانی خۆیدا باسی لەوە کردوووە: "هیچ ئیرادەیەک بۆ کۆنتڕۆڵی هەڵاوسان و گرانی لە ئێراندا نابینم".

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دوایین بەرنامەی خۆیدا بۆ نرخی دۆلار ٤٢٠٠ تمەنی پەسند کرد. بەڵام نرخێکە کە هیچ وێکچوویی لەگەڵ واقعیەتی بازاڕدا نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دراو "وەلیوڵڵا سەیف"ـیان لە سەر کار لادا و بە جێگای ئەو "عەبدولناسر هیمەتی"ـیان دامەزراند. هەروەها "مەسعوود کەرباسیان"، وەزیری ئابوورییان لە سەر کار لابرد.

لە ماوەی ساڵانی ١٣٣٠ هەتا ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە، نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە بووە و نرخی هەڵاوسانیش بە هەمان شێوە بەرەبەرە زیادی کردووە.

هۆکارە سیاسییەکانی وەک "بارمتەگیریی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران و دەسپێکی شەڕ، شەڕی کوەیت، ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران،گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئێران" و چەندین هۆکاری دیکەی سیاسی بووەته هۆی ئەوەی کە نرخی دۆلار بەردەوام بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە ببینێت.

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم، گرانبوونی دۆلاری ڕەت کردووە و باسی لەوە کرد، باوەڕ بەو هەواڵانە ناکات و دەوڵەت جەختی لەسەر نرخی ٤٢٠٠ تمەنە.

محەممەدڕەزا پوورئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاند، گەڵاڵەیەکی (زۆر بەپەلە) بۆ سەقامگیریی بازاڕی ئەرز بە مەجلیس دەدرێت. بەڵام ئەو گەڵاڵەیەش نووسراوەیەک زیاتر نەبوو.

زستانی ساڵی ڕابردوودا، کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بانکی ناوەندی و وەزیری ئابووری، لێژنەیەکیان پێک هێنابوو بۆ چاوەدێری کردنی بازاڕی ئەرز و بڵاوکردنەوەی لە لایەن بانکی ناوەندیدا، بەڵام هەتا ئێستە ئەو لێژنەیە هیچ ڕاپۆرتێکی بڵاو نەکردووەتەوە.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران، لە ئاڵۆزی بازاڕی ئەرز، قازانج دەکەن و دەستی ڕاستەوخۆیان هەیە لە هەڵکشان و داکشانی نرخی دۆلار و دەوڵەت و بانکی ناوەندی، هەر گەڵاڵەیەک پیشنیار یان کردەیی دەکەن، لەسەر کونتڕۆڵی نرخی دۆلار کارایی نییە.

هاوکات هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەرزبوونەی نرخی دۆلار بە شایعە، ئاژاوە و شەڕی ڕەوانی دوژمن دەزانن و جارێکیش خستیانە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لەم بارودۆخەدا و هاوکات لەگەڵ هەندێک تەقەلای ڕێژیم بۆ کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی بازاڕ کە بێ ئەنجام و ناکام ماوەتەوە و هەروەها لە بەرەبەری دەسپێکی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە تاران، دەوڵەت هەوڵ دەدات کەڵک لە کەرتی تایبەت وەربگرێت تاکوو بەم شێوە پێش بە چوونەدەری سەرمایەدانەرانی دەرەکی بگرێت.

کارناسان و ئابووریناسانیش پێیان وایە ئەمجۆرە کارانەی ڕێژیم ناتوانێ چارەسەرێکی لۆژیکیانە بێت بۆ گرفتەکانی بازاڕ و دەڵێن: "لە ئێستادا هیچ هاندەرێک بوونی نییە تاکوو بتوانێ ئابووریی ئێران ببووژێنێتەوە و بەگشتی ئابووریی ئەم وڵاتە لە گێژەنەی خۆی دەرچووە".

دەسپێکردنەوەی تەحریمەکان داهاتە نەوتییەکان کەم دەکاتەوە و دانی لێخۆشبوون بۆ ماڵیات زیاتر ڕێژیم دەخاتە چاڵەوە چوونکە هەر دووکیان دەبنەهۆی کەمتر بوونەوەی داهاتی دەوڵەت.

ئابووری ڕێژیمی ئێران، لە سەرەتاوە بە دەستی کەسانی ناشارەزا و لە سەرووی هەموویانەوە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران کەوتە سەرەولێژی، هەتا جێگایەک کە خومەینی وتی: "ئابووری هی کەرە".