کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ خۆپیشاندانەکانی سنه بە گولـلە و باتۆم وڵام درانەوە

11:06 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە سنە بە شێوەیەکی بەرین دەستی پێکرد و دواتر هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و چەند کەسیان شەهید و بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکان لە مەیدانی ئیقباڵ و لەلایەن لاوانی ئەو شارەوە دەستی پێکرد.

لاوان لەو خۆپیشاندانانەدا دروشمی "ناڕەزایەتی مافی ئێمەیە"یان دەوتەوە. دواتر چین و توێژەکانی دیکە بە کوژاندنەوەی ماشینەکانیان و بە دروشمی "نا بۆ گرانی" درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵیان دەدا کە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن. دوای ئەوەیکە نەیانتوانی دژی خۆپیشاندەران بووەستنەوە، هێزەکانی یەگانی تایبەتی ڕێژیمی ئێران ڕژاونەتە نێو خەڵک و بە باتۆم لێیان داون.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک.

دوای درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان، جێگری فەرمانداریی پارێزگای سنە بۆ ڕازیکردنی خۆپیشاندەران هاتبووە نێو خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بە دروشمی "درۆزن درۆزن" ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێرانیان ڕیسوا کرد.

دوای قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم دیسان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.

لە سێڕێیانی شەریف ئاوا و سێڕێیانی ئەدەب، خۆپیشاندەران هێرشەکانیان چڕتڕ کردەوە و لە شەقامی "شەشەم بەهمەن" درگیرییەکان توندتر بوونەوە.

هاوکات لە شەقامەکانی "فەرەح، فەیزاوا و نەبووەت" دەرگیری لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕوویدا.

لەو دەرگیرییەدا چەندین بانک، پۆمپی بێنزین و شوێنی دیکە ئاگریان تێبەردرا.

شەقامەکانی "فەرەح، وەلیعەهد و ٢٥ی شەهریوەر" هەتا بەیانی لەدەستی خەڵکدا بووە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران نەیاندەوێرا بچنە نێو ئەو شەقامانەوە.

خۆپێشاندەران دروشمی "مەرگ بەر دیکتاتۆر و بژی کوردستانیان" دەوتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بینای دوخانیات لە نزیک مەیدانی ئەسڵیی شاری سنه جێگیر ببوون و لەوێ هێرشیان دەکردە سەر خەڵک.

بە وتەی هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو کەسانەی دەسبەسەر دەکران بۆ مەیدانی وەرزشیی "ئەمین" یان  "مەلەکی نیا" ڕایاندەگواستن.

لەو خۆپیشاندانانەدا لاوان و بهتایبەت چینی هەژار ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە.

لە شەقامەکانی مەولەوی و سەرەتای ژاندارمێری، خۆپیشاندەران چەندین هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمیان دەسبەسەر کرد.

لە لایەکی دیکەوە تەکتیرهاوێژەکانی ڕێژیمی ئێران لە گەڕەکەکانی چوارباغ و فەیزاوا لە سەربانی بینای ئیدارەی کارەباوە تەقەیان لە خەڵک دەکرد و چەندین کەسیان لێ بریندار کردن.

یەکەم شەهیدی ئەو خۆپیشاندانانە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵه بوو کە بە دەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.

دوای ئەو خۆپێشاندانانە هێڵی ئینتێرنێت لە شاری سنە پچڕا.

ڕۆژی دواتر لە شەقامەکانی "فەرەح، غەفوور، شەریف ‌ئاوا و فەیزاوا" دەرگیری ڕوویدا و دووکان و بازاڕەکان داخران.

هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدا بوونه کە پێش بە داخرانی دووکان و بازاڕ بگرن، بەڵام نەیاتوانیوە.

لەو خۆپیشاندانانەدا ژنێکی تەمەن ٧٥ ساڵ بە دەنگی بەرز ڕوو لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هاواری دەکرد: "گۆڕ به گۆڕ خومەینی".