کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ دۆخی ئابووریی ئێران تا دێت بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات

17:12 - 11 پووشپەڕ 2720

گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە و وای کردووە کە تەنانەت وڵاتی تورکیەش هاوردەکردنی خۆی لە ئێران لە ترسی گەمارۆکانی ئامریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.

ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری تورکیە نیشانی داوە کە ئەو وڵاتە لە ٥ مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا، هاوەردەکردنی لە کۆماری ئیسلامییەوە ١٠ هێندە بەنیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دابەزاندووە.

ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی کۆنترۆڵی بازاڕی وزەی ئەو وڵاتە هەروەها باس لەوە دەکات کە لەجیاتی گازی ئێران، گازی هەندێک لە وڵاتانی دیکە بەتایبەت ئامریکا هاوردە دەکات.

ناوەندی ئاماری تورکیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ٥ مانگی سەرەتایی ساڵدا، بەگشتی ٣٦٥ ملیۆن دۆلار هاوردەکردنی لە ئێرانەوە هەبووە کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا هاوردەکردنی لە ئێرانەوە ٣.٥ میلیارد دۆلار بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی خراپی ئابووریی ڕێژیمی ئێران وای کردووە کە ئەو ڕێژیمە داوای گەڕاندنەوەی پارەی ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆلارییەک بکات کە بە ڕێژیمی سووریەی دابوو بۆ سەرکوتی خەڵکی ئەو وڵاتە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران بۆ بەردەوامی و ڕانەوەستانی پرۆژە زێدەخوازانەکانی ناچار بووە کە پرۆژەکانی گەشەپێدان لە وڵاتدا ڕابگرێت.

لە ئێران نزیکەی ٨٠ هەزار پرۆژەی نیوەکارە بوونی هەیە کە تەواوکردنیان پێویستیی بە نزیکەی ٦٠٠ هەزار میلیارد تمەن بودجە هەیە.

لە پیشەی ماشینسازیدا لە ٩ مانگەی کۆتایی ساڵی ٩٨دا بەنیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووە، گەشەی نەرێنیی ١٥ لەسەدیی بووە کە هەمان نرخ لە ساڵی ٩٧دا مەنفی ٧ لەسەد بووە، ئەمە بەو واتایە دێت کە بەشی بەرهەمهێنەر لە وڵاتدا پاڵنەرییەکیان نییە بۆ سەرمایەدانان.

لە بەشی یارانەکانیشدا یارانەی بەشێک لە خەڵک دەپچڕێنێت، بە شێوازێک کە بەپێی بڕیاری هەیئەتی دەوڵەت هەر منداڵێک کە دێتە دونیاوە، بەو مەرجەی یارانە وەردەگرێت کە وەزارەتی کار و خۆشبژێوی پەسەندی بکات و هەروەها ڕێکخراوی ئامانجداریی یارانەکان لێکی بداتەوە کە بۆ یارانە پێدان دەبێت یان نە.

هەروەها بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە چوونەسەرەوەی ٧.٣ لەسەدیی نەختینەیی لە وڵات لە ماوەی بەهاری ڕابردوودا بەنیسبەت سەرەتای ساڵ و گەیشتنی ئەو نەختینەییە بە ٢٦٥١ هەزار میلیارد تمەن کرد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە نرخی هەڵاوسان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ٤١.١ لەسەد بووە و لە ئەوساڵدا چاوەڕوان کراوە کە بگاتە ٣٤.٢ لەسەد.

ئەو چاوەڕوانییە بۆ دابەزینی هەڵاوسانی ئابووری لە حاڵێکدایە کە تەزریقی دراو بە بازاڕەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی هەڵاوسان و هاتنەخوارەوەی هەرچی زیاتری نرخی دراو.

لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران لە وەها دۆخێکی شپرزەدایە کە هەرچی زیاتر هەوڵ بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ئابوورییەکان دەدات زیاتر لە زەلکاوی قەیرانەکانیدا ڕۆ دەچێت.