کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ساڵی نوێی خوێندن بۆ خوێندکاران پڕکێشەتر لە جارانە

13:02 - 21 خەرمانان 2720

مامۆستایەکی قوتابخانەی شاری سنە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دۆخی خراپی خوێندن و گیر و گرفتەکانی کردووە کە بەو هۆیەوە چ لە حاڵەتی ئامادەبوون لە کلاسدا و چ بە شێوەی ئانلاین، خوێندن بۆ منداڵان کۆمەڵێک کێشەی بەدواوەیە.

ئەو مامۆستایە باس لەوە دەکات کە ساڵی نوێی خوێندن ئەمساڵ بە کێشەگەلی قەوارەیی ڕابردووی پەروەردە و بارهینانەوە وەکوو کەمیی جێگا و پێداویستیی خوێندن و کادری قوتابخانە و سەرباقیی ئەوانە بە کۆرۆناوە دەستی پێکردووە.

قوتابخانەکان ئەمسال بە گوشاری مافیای قوتابخانە ناحکوومییەکان و دامەزراوە کونکوورییەکانەوە دەستی پێکردووە، چونکە نیزامی فێرکاری لە ئێراندا بەرەو سەرمایەداری چووە و هەتا بێت لە فێرکاریی خۆڕایی بەپێی یاسای بنەڕەتی دوور دەکەوێتەوە.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانە ڕایگەیاندووە کە قوتابخانە حکوومییەکان لە شاری سنەدا لە کەمترین حاڵەتدا ١٠٠ هەزار و لە سەرووترین حاڵەتیشدا ٧٠٠ هەزار تمەن پارە وەردەگەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە قوتابخانە ناحکوومییەکان لە ٥ ملیۆنەوە هەتا ١٠ ملیۆن تمەن مانگانە لە بنەماڵەی خوێندکاران وەردەگرن

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەرجەم ئەو قوتابخانانە چ حکوومی و چ ناحکوومی، کەمترین پێداویستییەک بۆ پەروەردەی خوێندکاران بوونی نییە و تەنیا کەرەستەیەک کە بوونی هەیە مامۆستا و کتێبە.

لەڕووی پشکی شوێنی خوێندنەوە بۆ خوێندکاران ١ بە ٢یە، واتا هەر خوێندکار ٢ میتر جێگای بۆ فێرکاری، بارهینان، وەرزش و چالاکییەکانی کات بەسەربردنی لە قوتابخانەدا هەیە کە ئەمە خۆی کارەساتێکە کە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کاریگەریی خۆی زیاتر نیشان دەدات.

قوتابخانەکان هیچ کەرەستەیەکی تەندروستییان بۆ پێشگرتن لە تووشبوون به کۆرۆنا لەبەردەستدا نییە و خویندکاران دەبێ دەمامک و دەستەوانە و مادەی دژەگەندکردن لە بازاڕەکاندا بکڕن کە ئەوەش تێچوویەکی زۆری هەیە.

هەندێک لە مامۆستاکان باسیان لەوە کردووە قوتابخانەکان هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان کراوە دەبێت و لەو ماوەیەدا مانگانەی قوتابییەکان لە بنەماڵەکانیان وەردەگیردرێت و پاش ئەو ڕێکەوتە بڕیار دەدرێت کە قوتابخانەکان چۆن درێژە بە کاری خۆیان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە مامۆستاکان باسیان لەوە کردووە کە پاش ئەو ماوەیە، خوێندن بەشێوەی ئانلاین دەبێت کە ئەمەش خۆی کۆمەڵێک کێشەی دیکەی لە ناوچە کەمداهاتەکاندا بە دواوە دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ٥٠ لەسەدی خوێندکاران دەستیان بە تۆڕی ئانلاینی پەروەردەیی "شاد" ڕاگەیشتووە واتا ٥٠ لەسەدی دیکە توانای کڕینی کەرەستەی پێویستیان نییە.