کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ سووتاندن و تێکدانی ژینگەی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت

11:26 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سووتاندن دارستانەکانی زاگرۆس و تێکدانی ژینگەی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستاندا پەرەی سەندووە.

سەرەڕای ئەوەی کە لە سێ مانگی دەسپێکی ساڵی ۹۸دا، پیلانە نەگریسەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان و بڕین و سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو پەرەی سەندووە و لە ڕادەبەدەر چڕتر بوونەتەوە، لە سەرتاسەری پارێزگا، شار، ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شاراوە و نهێنی لە ڕێگای بەکرێگیراونی تایبەتی ئەو پیلانانە و هەروەها بە ئاشکرایش لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە، خەریکی لەنێوبردنی ژینگەی کوردستانە.

لەم بارەوە، بەپێی ڕاپۆرتێک لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کە بە هۆکاری ئەمنییەتییەوە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، کەسانێکی گومانلێکراو لە ناوچەی هەورامانی تەخت، سەربە شاری سەوڵاوا، سروشت و ژینگەی ناوچەکەیان تێک داوە و تەنانەت بڕێک شوێنی ئەو ناوچانەیان کردووەتە شوێنی کشتوکاڵ و مەزرا و دەوراندەوریشیان تەلبەند کردووە، کە بەرپرسانی ڕێژیمیش بە ئاسانی تاپۆ و بەڵگەیان پێ دەدات.

لەم پەیوەندییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە لاپەڕەی فەرمیی تێلێگرامی خۆیدا، وێڕای ئاماژەدان بە ئاگرتێبەردانی ژینگە و دارستانەکانی نێوان گوندەکانی "نژمار" و "بییەکەڕە"ی مەریوان، کە لە لایەن ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەوە کوژراونەتەوە، بڵاوی کردەوە: "تاریکپەرەستان و دوژمنانی ژینگە و ئاوەدانی، دیسان دەستیان داوەتەوە ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و هەوڵی خاپوورکردنی ئەم نیشتمانە ئەدەن".

لەم بارەوە، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە، کە ئاکامی ئەو ئاگرتێبەردانە، سووتانی زیاتر لە چەند دۆنم ژینگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، سپای تێرۆریستی پاسداران، لەو ناوچانەی کە هەست بە مەترسی دەکات، بە هۆکاری لێدانی جادە و دانانی بنکەی نوێی تێرۆریستی خۆی، دارستان، لەوڕگە، لێڕاوەکان ئاگر تێبەر دەدات.

لەم بارەشەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، بە هۆکاری لێدانی جادە بۆ ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ و دروستکردنی بنکەی نوێی خۆیان لەو ناوچانەدا، بوونەتە هۆکاری کاولکاریی و تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە.

لە لایەکی ترەوە، هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە گوندی "فازڵئاوا"ی شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، پێنج دۆنم گەنمی جووتیارانی ئەو ناوچەیە سووتاون.

هەروەها، مۆرەکانی ڕێژیم، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە دەروبەری شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچانەیان ئاگر تێبەرداوە و سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچەیە تا ڕادەیەک توانیویانە ئاگرکە بکوژێننەوە، بەو حاڵەشەوە زیاتر لە ۱٤ دۆنم لە دارستان و ژینگە ناوچەکە و نزیک بە ۷ دۆنم لە مووچە و مەزرای خەڵک لەو ناوچەیەدا سووتاون.

جێگای ئاماژەیە، کە دامودەزگاکانی ڕێژیم، بۆ گواستنەوەی ئاوی بەنداوی شاری مەهاباد، جادە و ڕێگاوبانی نزیکی قازییاوای ئەو شارەیان تێک داوە، خەڵک داوا لە بەرپرسان و کاربەدەستانی دەسنیشانکراوی ڕێژیم لەو شارەدا دەکەن، کە لە بەرانبەر تێکدانی جادەی ئەو شوێنە وڵامدەر بن و بە زووترین کات چاک بکرێتەوە.