کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ سەرەڕای قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە عێراقدا، خۆپیشاندانەکان درێژەی هەیە

12:04 - 7 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە، هەزاران کەس لە بەغدا، بە وتنەوەی دروشم و گۆرانی، قەدەغەکەیان شکاند و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

ژێنراڵ "قەیس ئەلمحەممەداوی"، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا، ڕاگەیاندبوو کە لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٦ی بەیانی، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە بەغدا جێبەجێ دەکرێت.

بەڵام ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشان دەدەن کە خۆپیشاندەران ڕژاونەتە سەر شەقام و دژی حکوومەت دروشم دەدەن.

ئەرتشی عێراق هۆشداریی دابوو کە بە دەستپێکی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ، پێش لە هاتوچۆی ماشینەکان لە بەغدا دەگیرێت، بەڵام میدیاکان باس لەوە دەکەن کە بە دەستپێکی حکوومەت نیزامی، ژمارەی خۆپیشاندەران لە شەقامەکان هەروا زیاد دەبێت.

هەروەها بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، خۆپیشاندەران دروشمگەلێکی وەک: "بەغدا، ئازاد، ئازاد؛ ئێران بڕۆ دەرەوە''یان داوە.

هەروەها لە چوارەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، هەزاران خوێندکار و قوتابی تێکەڵ بە خۆپیشاندەران بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، پارلمانی ئەو وڵاتە بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، دانیشتنی پێک هێنا. نوێنەرانی پالمان کۆمیتەیەکیان بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دامەزراند. ئەم کۆمیتە ئەرکدار کراوە کە لە ماوەی ٤ مانگدا ئەم خاڵانەی کە لە یاسای بنەڕەتیی عێراقدا پێویستیان بە گۆڕین هەیە، دیاری بکرێن و ڕاپۆرتەکەی بە پارلمان بدەنەوە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە، بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵیی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە شاری بەغدا و لە چەندین پارێزگای دیکە دەستی پێکردووە هەتا ئیستا هەر درێژەی هەیە.

بەپێی ئاماری سەرچاوە ئەمنییەتییەکان و نەخۆشخانەکان، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی دووشەممە، لانیکەم ١٧ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و ٨٦٥ کەسیش بریندار بوونە.