کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ لە هەموو جیهاندا ١ی مەی هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەرز ڕادەگیرێت

13:01 - 11 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژی جیهانی کرێکار لە حاڵێکدا یادی لێ دەکرێتەوە، کە کرێکاران لە ئێراندا لە دۆخێکی زۆر ئەستەمدا بەسەر دەبەن.

لە ڕۆژی یەكەمی مانگی مەی ساڵی ١٨٨٦ زیاتر لە ١٢٠٠ كارگە و كارخانەی گەورەی شیكاگۆ لە لایەن كرێكارانەوە داخران و كرێكاران داوای كەمكردنەوەی ماوەی كاركردن لە ١٠كاتژمێرەوە بۆ ٨ كاتژمێر و زیادكردنی حەقدەستی خۆیان كرد. ئەم مانگرتنە كە بە دەیان هەزار كرێكاریی شیكاگۆ و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگا تێیدا بەشدار بوون، لە لایەن پولیس و هێزە ئەمنییەكانی ئامریكاوە سەركوت كرا و بە دەیان كەس دەسبەسەر کران و لە ئەنجامدا ٢٣ كرێكار لە لایەن دادگاوە سزا دران.

ئەم ڕۆژە بۆیە وەکوو ڕۆژی جیهانیی کرێکار دیاری کراوە، تاکوو هەموو مرۆڤەکان و چین و توێژەکان لە مەینەتی و ئازارەکانی چینی کرێکار تێبگەن و دەیان ساڵە خەبات دەکرێ تاکوو سیستمی ئابووریی تۆزێک دادپەروەرانەتر بکرێ و لە ڕەنجەکانی بەشێکی گرینگی کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە.

سەرەڕای نەبوونی ئەمنییەت و زەمانەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شوغڵی، وەک بیمەی بێکاری و دابینکردنی مافە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی شوێنی کار و گەلێک کێشە و گرفتیتر کە کرێکارانی کوردستان لەگەڵی ڕووبەڕوون، ڕێژەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی کوردستان بەپێی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی وەک کرێکار پێناسە ناکرێن و بەو پێیەش هیچ کام لە بڕگەکانی تەنانەت ئەو یاسا سەقەتە کرێکارییەی ڕێژیمیش نایانگرێتەوە و هەر ئەوەش بواری ستەم و چەوسانەوەی زیاتریان دەڕەخسێنێت.

لە کۆتاییی سالی ٩٧دا،  ''عەلی ئەسڵانی''، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنادا ڕایگەیاندبوو: دۆخی ژیانی کرێکاران زۆر نالەبار و نەگونجاوە؛ هەلومەرجی کرێکاران باش نییە بە چەشنێک کە دەتوانم بڵێم ٩٠%ی کرێکاران ناتوانن گۆشت بخۆن، چونکە مووچەکەیان ئەوەندە نییە کە بتوانن گۆشت بکڕن.

ناوبراو وتوویەتی: بە هۆی هەلومەرجی ئێستامان مەودای نێوان هێڵی هەژاری و هەڵاوسان گەیشتووەتە ٥٣%، لە وەها بارودۆخێکیشدا مووچەی کرێکارێک تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژ لە مانگێکدا دەکات.

هەروەها هووشەنگ بازوەند"، پارێزگاری پارێزگای کرماشان، دانی بە نەشیاویی شارەدارییەکان بۆ پێدانی حەقدەستی کرێکارەکاندا ناوە و وتوویە: شارەدارییەکان بەگشتی تواناییی پێدانی حەقدەستی کرێکارانیان نەماوە.

هەر لەو پێوەندییەدا،"حەسەن ڕۆحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێوڕەسمی سیهەمین فستیڤاڵی ڕێزگرتن لە کرێکارانی نموونە، باسی لەوە کردووە، کە " کرێکاران لە خەتی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکادان".لە حاڵێکدا کرێکاران لە مافە سەرەتایییەکانیان وەک مووچە، بیمەی کرێکاری و ئەمنییەتی کاریی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، یان ئەوەی کە هەر پێیان نادرێت.

ڕوون و ئاشكرایە كە ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەردەوام هەوڵی داوە كوردستان لە بواری ئابوورییەوە دواكەوتوو ڕابگرێت و سەرچاوە سروشتییەکانی كوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری سەنتەر و ناوچە فارس نشینەكان بەكار بێنێت. ئەم شێوازە لە تاڵانكردنی سەرچاوەی ئابووری و گواستنەوەی بۆ سەنتەر دەبێتە هۆی ئەوەی كرێكار وەك هێزی بەرهەمهێنەر نەتوانێت كار ببینێتەوە و ناچار بێت كۆچ بكات. ئەم كۆچەش كرێكار لە دوو ئاستدا تووشی نامۆبوون دەكات، لە ئاستێك كە بە هۆی كۆچكردن بۆ ناوەند تووشی نامۆبوونی كولتووری دەبێت و لە ئاستی ئابووریشدا لەگەڵ بەرهەمی خۆی نامۆ دەبێت.